پڕۆژە ستراتیجییەكەی هەولێر-گۆمەسپان-كۆیە-هەنارە تەواو بوو

:: AM:10:31:13/01/2026 ‌
دوای سێ‌ مانگ كاركردن، بەشێوەیەكی ئەندازەیی سەرنجڕاكێش یەكێك لە شاكارەكانی رێگاوبان لە چوارڕێیانی هەولێر-كۆیە-هەنارە، لە دەربەندی گۆمەسپان دروست كرا و قۆناغی قیرتتاوكردنیشی كۆتایی هات.

ئەمڕۆ سێشەم 13ـی كانوونی دووەم، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" دوای سێ‌ مانگی كاركردنی چڕ، كارەكانی چوارڕیانی گۆمەسپان-كۆیە-هەنارە-هەولێر تەواو بوو و بەم نزیكانە دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان، بە تایبەت هەولێر و كۆیە.

ئەو شوێنە كە پێشتر بە دەربەندی گۆمەسپان ناسرا بوو، یەكێك بوو لە جەنجاڵترین ڕێگەكان و یەك سایدەكانی كۆیە-هەولێر و شەقڵاوە و گۆمەسپان لەوێوە جیا دەبوونەوە و پەستانی زۆر لەسەر بوو، بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا دەخنكا لە ڕووی هاتوچۆوە، بەڵام ئێستە هەموو ئەو ڕێگایانە بە فەرمان و سەرپەرشتی مەسروور بارزانی بوون بە دووساید و پرد و تونێلی مۆدێرن.

بە تەواوبوونی ئەو چوارڕێیانە نوێیە، ئیتر هەردووسایدی رێگەی هەولێر-گۆمەسپان،سماقووڵی، هەولێر-كۆیە و هەولێر-هەنارە، بە شێوەیەكی سەلامەت و شەقامێكی مۆدێرن پێكەوە بەستراون و بە نزیكانە بە فەرمی دەكرێنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەمڕۆوە دەست دەكرێ بە شۆردی رێگەكە و دواتر هێلكاری ئاراستەكانی شەقامەكە و خێراییەكانی دیاری دەكرێت و لەگەڵ تەواوبوونی دەروازە نوێیەكەی هەولێر لە كەسنەزان، پێكەوە دەكەونە خزمەتی شۆفێر و خەڵكەوە.

پڕۆژەكە پێكدێت لە بەرزەپرد، تونێل و دووساید لە ئاراستە جیاوازەكانەوە و جگە لە گرنگییەكەی بۆ سەلامەتی ژیانی خەڵك، ناوچەكە زۆر سەرنجڕاكێش دەكات.

دووسایدی هەولێر گۆمەسپان لە چوار پرد و یەك ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆ پێكدێت، هەروەها لەو پڕۆژەیەدا دوو هەزار كارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر كاریان كرد كە 100% هێزی كاری ناوخۆیین و كۆمپانیای خۆماڵی هەموو كارەكانی كردووە.

ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و بە تەواوبوونی، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی سەر ڕێگەكە، كە پێشتر یەك ساید بووە و ڕووداوی نەخوازراوی هاتوچۆی رۆژانە لێ دەكەوتەوە، بەڵام سەرۆكی حكوومەتی كوردستان كۆتایی بەو كێشانە هێنا.

پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی كاری تێدا دەكرێت و بە تەواوبوونی، ڕێگەی هەولێر تا سماقووڵی بە درێژیی 38 كیلۆمەتر دەبێتە دووساید.

لە 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیەی دانا، هەر لەوكاتەدا رای گەیاند كە ڕێگەی هەولێر - گۆمەسپان دەكەن بە دووساید.

پڕۆژەكانی ئەو ڕێگەیە، بەشێكن لە تۆڕێكی فراوانی هەڵمەتی ڕێگەوبان كە لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە هەموو ناوچەكانی كوردستان و بە ڕێنوێنی ڕاستەوخۆی سەرۆكی حكوومەت دەستی پێ كرد و بەشێكی زۆریان خراونەتە خزمەتەوە و ئەوەیشی ماوە لەمساڵدا تەواو دەبن.


وشە - رامیار جەواد