ئەمڕۆ سێشەم 13ـی كانوونی دووەمی 2026، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندنی قۆناغی سێیەمی كارپێكردنی پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی "قوتابخانەكەم"ی ڕاگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ "دامەزراوەی كوردستان فاوندەیشن" جێبەجێ دەكرێت.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە مێژووی پەرەپێدانی پلاتفۆڕمەكە كرد و ڕای گەیاند: "لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا، بە هاوكاریی ڕێكخراوی یونسێف، قۆناغەكانی یەكەم، دووەم و سێیەمی كارەكانمان بە كۆتا گەیاند و پڕۆسەكە بۆ قۆناغەكانی تر بەردەوام بوو."
لەبارەی بەڵێنەكانی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی كەرتی خوێندنی دیجیتاڵی، وەزیر جەختی كردەوە، ساڵی ڕابردوو بەڵێنمان دابوو تەواوی قۆناغی بنەڕەتی لەم پلاتفۆڕمەدا بەردەست بكەین، خۆشبەختانە ئێستە وانەكانی پۆلی چوارەم و پێنجەمی بنەڕەتی تەواو بوون."
لە بەشێكی تری كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، ئالان حەمە سەعید باسی لە دەستپێشخەرییە نوێیەكەی "كوردستان فاوندەیشن" كرد و گوتی: "ئەم دامەزراوەیە ئەركی پاڵپشتی و سپۆنسەركردنی دارایی پڕۆژەكەی بۆ بازنەی سێیەمی خوێندن گرتووەتە ئەستۆ، كە پۆلەكانی حەوتەم، هەشتەم و نۆیەمی بنەڕەتی دەگرێتەوە، بەمەش هەنگاوێكی گەورە بەرەو دیجیتاڵكردنی تەواوەتی خوێندنی بنەڕەتی دەنێین.
ئەم پڕۆژەیە وەك بەشێك لە پلانی وەزارەتی پەروەردە دێت بۆ دابینكردنی سەرچاوەی فێربوونی مۆدێرن و دەستڕاگەیشتنی ئاسانی قوتابیان بە وانەكانیان لە ڕێگەی تەكنەلۆژیاوە.