لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەفر لە حاجی ئۆمەران تێی كردووە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی، كەشی پێشبینیكراوی 48 سەعاتی داهاتووی راگەیاند و بەگوتەی ئەوان، شەپۆلی باران لەمڕۆوە بەردەوام دەبێت و پلەكانی گەرما دادەبەزن و لە سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك بەفر دەبارێت.
ئەمڕۆ سێشەم 13ـی كانوونی دووەم، رێبوار وەیسی ئەندامی تیمی راماڵینی بەفر لە حاجی ئۆمەران، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سەعات هەشتی بەیانییەوە بەفر دەبارێت و سنوورەكە تارای سپی پۆشیوە، بەڵام تا ئێستە رێگەوبان دانەخراوە.
لە لایەكی ترەوە، بەپێی راپۆرتی كەشناسیی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەم بە گشتی كەشەكە هەور و باران دەبێ، لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با و دروستبوونی هەورەتریشقە.
كەشناسی دەڵێ، بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان دەبارێت و بڕی دابارین لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە زیاتر دەبێ لە ناوچەكانی تر.
"وشە" لەبارەی كاروباری دەروازەی حاجی ئۆمەران، لە كاتی بەفرباریندا، پێوەندی بە سیروان حوسێن گوتەبێژی دەروازەكەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
پێوەست بە كەشی سبەی چوارشەم، كەشناسیی هەرێم رای گەیاندووە، باران بەردەوامی دەبێت و هەموو كوردستان دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە كاتەكانی بەیانیدا لە سەنتەری سلێمانی و دهۆك و زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین و زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان، بەفر دەبارێ، كاریگەریی ئەم شەپۆلە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەم لەسەر ناوچەكەمان كۆتایی دێت.