مانگی داهاتوو تۆماری منداڵ لە پسوولەی خۆراكدا كارا دەكرێ

:: PM:02:07:13/01/2026 ‌
 ئامادەكارییە تەكنیكییەكان بۆ تۆماركردن و زیادكردنی ناو و وێنەی منداڵ، لە پسوولەی خۆراكدا بەرەو كۆتایی دەچێت. تەكنیكارێكی تیمەكە ڕای دەگەیەنێت "لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بە فەرمی ئەپڵیكەیشنەكە كارا دەكرێت".

ئەمڕۆ سێشەم 13تی كانوونی دووەم، شوان كەركووكی ئەندامی تیمی تەكنیكی ئەپی پسوولەی خۆراك، بە"وشە"ـی راگەیاند، ئامادەكارییەك بۆ كاراكردن و زیادكردنی ناو و وێنەی منداڵ لەناو پسوولەی خۆراكدا لە ڕووی تەكنیكییەوە بەرەو تەواوبوون دەچێت. دووپاتیشی كردەوە "بەپێی ئەو بڕیارەی هەیە، سەرەتای مانگی شوبات سیستمەكە كارا دەبێتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن خانەی منداڵ پڕ بكەنەوە".

ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق، دەستی بە تۆماری ئەلیكترۆنی هاووڵاتییان كرد، وەك جێگرەوەیەك بۆ فۆرمی كاغەزی بایع، تا كۆتایی ساڵ خەڵك و ئەندامانی خێزان كە لە فۆرمە كۆنەكەدا هەبوون، تۆمار كران و بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە منداڵی لە دایكبووی نوێ تۆمار بكرێت.

نەوزاد شێخ كامیل بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشتر بە"وشە"ی راگەیاندبوو، قۆناغی دووەمی پڕكردنەوەی فۆڕمی خۆراك ئامادەكراوە و خۆی لە تۆماركردنی منداڵی تازە لەدایكبوو، هاوسەرگیری نوێ و گواستنەوەی فۆڕمی خۆراك لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە، دەبینێتەوە.

تا ئێستە 38 ملیۆن كەس خۆیان لە ئەپی پسوولەی خۆراكدا تۆمار كردووە، بەڵام هێشتا بەكار نەهێنراوە و هەر بە سیستمە كۆنەكە بایع دەدرێ، هەرچەندە ساڵانە خۆراكی چەند مانگێك نادرێت كە بەهاكەی دەیان ملیۆن دۆلارە و كەسیش باسی ناكات، لەگەڵی ئەوەی لە بودجەی عێراقدا تەرخانی دارایی بۆ 12 مانگی ساڵ جێگیر كراوە كە خۆراك بدرێ بە هاووڵاتییان، بەڵام لە 2025دا تەنیا هەشت بایع لە عێراق دراوە و لەوەیشدا ستەمیان لە هەرێمی كوردستان كرد و تەنیا حەوت مانگ دابەش كرا.

لە سەردەمی شەڕی عێراق-ئێرانەوە كە لە 22 ئەیلوول/سێپتێمبەری 1980دا دەستی پێ كرد و لە هەشتی ئاب/ئۆگستسی 1988 ڕاوەستا، بەشەبژێویی هاووڵاتییانی عێراق، لە ڕێگەی پسوولە و هەر خێزانە و بەپێی ژمارەی ئەندامانی، مانگانە بڕێكی بۆ دابین دەكرا، تا ساڵی 1991. لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان دژی ڕێژیمی بەعسی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەدام حوسێن، لە هەرێم ئەو سیستمە نەما، بەڵام بەپێی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان لە هاوینی ساڵی 1996دا، سیستمی دابەشكردنی بژێوی بۆ هەرێمیش گەڕایەوە و تا ئێستە بەردەوامە.

لە دوای بەرنامەی نەوت بەرانبەر خۆراك لە ساڵی 1996 كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتنی لەسەر كرد، تا ئێستە لە رێی كۆبۆنی خۆراكەوە مانگانە بایع بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە كۆبۆنی خۆراك گەندەڵی گەورەی تێدا دەكرێت و هەزاران هاووڵاتی هەن كە لە ژیاندا نەماون، بەڵام ناویان ماوە، جگە لە ساختەكردنی هەزاران كۆبۆنی تر بۆ هاووڵاتی وڵاتانی دراوسێی عێراق.



وشە - رامیار جەواد