لە كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و باڵوێزی ئەمەریكا باسی مووچە و پرسی تر كرا

:: PM:03:04:13/01/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە وێندی گرین، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، برەودانی زیاتر بە پێوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و دانوستان و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ تاوتوێ كرا .

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم و بەردەوامبوونی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە، بە هەر دوو مووچەی مانگەكانی 11 و 12 ساڵی ڕابردووەوە.

هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەرێم و بە تایبەتی چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێم لە كەرتە جۆراوجۆرەكاندا دووپات كردەوە و ئاماژەی دا بەوەی هەرێمی كوردستان هاوبەش و هاوپەیمانێكی بەهێز و گرنگی ئەمەریكایە لە ناوچەكەدا.

سەرۆكی حكوومەت سوپاسی هاوكاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای كرد.

دوایین گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی دۆخی گشتیی ناوچەكە، تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بوو.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم