لە نووسراوێكدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی سێ توێژی خوێندكارانی خوێندنی باڵا دەركرد و بڕیاریدا لە كرێی خوێندن لە كاتی درێژكردنەوەی ماوەی خوێندن بیانبەخشێت.
ئەمڕۆ سێشەم 13ی كانوونی یەكەم، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نووسراوێكی بۆ سەرۆكایەتیی گشت زانكۆ حكوومییەكان گشتاند تا بڕیارێك لەبارەی لێخۆشبوون جێبەجێ بكەن.
بڕیارەكە بەمشێوەیە كە ئەم خوێندكارانە لە كاتی درێژكردنەوەی ماوەی خوێندنیاندا لە كرێی خوێندن دەبەخشرێن. بڕیارەكە ئەو خوێندكارانەی ماستەر و دكتۆرا دەگرێتەوە كە لە ساڵی خوێندنی 2023-2024 وەرگیراون و سەر بەم سێ توێژەن.
1-خوێندكارانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم " مادەی 140".
2- خوێندكارانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
3- سێ یەكەمە دانەمەزراوەكان.
پێشتر ئەم توێژانە لە كرێی خوێندنی ئاسایی بەخشرابوون، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، لەمەودوا ئەگەر ماوەی خوێندنیشیان بۆ درێژ بكرێتەوە، هیچ بڕە پارەیەك وەك كرێی خوێندن لێیان وەرناگیرێت.