لە پیرمام، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق بە سەرۆكایەتی جوشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا، كە خاتوو گویندەلن گرین، كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر، ئامادەی بوو، هەڵسووڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد و كورتەیەكی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پێوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی فیدراڵی یەكگرتوو لە عێراق بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.
هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ڕۆشنایشی خستەسەر دۆخی ناوچەكە و ئاڵۆزییەكانی سووریا، و ستایشی هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆك بارزانی كرد لە خستنەسەرپێی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی سووریا.
لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پیرۆزبایی ساڵی تازەی لێ كردن. هەروەها لەبارەی دۆخی عێراق دڵنیایی ئەوەی بۆ شاندی میوان دووپات كردەوە كە هەرچی لە توانایدابێت، بۆ هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر و پێكهێنانی حكوومەتێكی فیدراڵی بەهێز درێخی ناكەن، هەروەها لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشە و گیروگرفتەكان لە نێوان لایەنە سیاسییەكان لەلایەك چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ.
سەبارەت بە دۆخی سووریا و ئالنگارییەكانی ناوچەكە بە گشتی، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەوڵی رژد دەدات بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و، دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكرێن.
پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، و هەوڵەكان بۆ بەردەوامی و باشتركردنی ئەم پەیوەندییانە، تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون.