هەڵوسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا: میلیشیاكان هیچ شوێنێكیان لە عێراق نییە

:: PM:05:46:13/01/2026 ‌
جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا رای گەیاند، ئەو میلیشیا تیرۆریستیانەی ئێران پاڵپشتییان دەكات و بە ئاشكرا داواكاریی حكوومەتی عێراقی بۆ چەك دانان پشتگوێ دەخەن هیچ شوێنێكیان لە حكوومەتی عێراقدا نیە.

كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر بە ئاماژەدان بە كۆبوونەوەیەكی سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق ئەوەی بڵاو كردووەتەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پارێزگاریكردن لە سەروەریی عێراق و پتەوكردنی ئاساییشی هەرێمی و بەهێزكردنی پێوەندییە ئابووریەكان بۆ سوودی هەردوولا كراوە.

هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا دووپاتی كردووەتەوە كە ئەو میلیشیا تیرۆریستیانەی ئێران پاڵپشتییان دەكات و بە ئاشكرا داواكاریی حكوومەتی عێراقی بۆ چەك دانان پشتگوێ دەخەن هیچ شوێنێكیان لە هیچ ئاستێكدا لە حكوومەتی عێراقدا نیە. 

هەروەها باسی لەوە كردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە قسەكردن بە شێوەیەكی ڕوون و بێگۆڕانكاری لەسەر پێویستیی خێرای هەنگاوی كرداریی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیا تیرۆریستیانەی بەشوێن ئەجێندای بیانیەوەن، كە دەبێتە هۆی لاوازكردنی سەروەریی عێراق و عێراق بەرەو هەژاریی دەبات و هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی و عێراقی دەكات و عێراق ڕادەكێشێتە ناو ململانێی هەرێمی.



وشە - وشه‌