ئەنجوومەنی باڵای فەتوا حوكمی ئالوگۆڕكردنی دۆلاری شین بە دۆلاری سپی بەنرخێكی جیاواز روون دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت، دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی جگە لەوەی لە ڕووی یاسایی هیچ جیاوازی نییە لە نێوان نرخی ئەو دووجۆرە دۆلارە.
ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی كانوونی دووەم، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا رای گەیاند، دوای ئەوەی خەڵكێكی زۆر پرسیاریان كرد سەبارەت دیاردەیەكی نامۆ لە بازارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان پەیدا بووە كە دۆلاری كۆن (سپی) جیاوازی پێ دەكرێت لەگەڵ دۆلاری تازە (شین) لەنرخدا لەكاتی ئاڵوگۆڕدا.
باس لەوەشكراوە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی جگە لەوەی لە ڕووی یاسایی هیچ جیاوازی نییە لە نێوان نرخی ئەو دووجۆرە دۆلارە، هەروەها دوای راوێژ كردنی پسپۆرانی بازاڕی دراو و شێوازی مامەڵە كردن بەو دوو جۆرە دراوە، و گەڕانەوە بۆ دەقە شەرعیەكان و مەبەستە باڵاكانی شەریعەت بەم شێوەیەی خوارە وەڵامی دایەوە:
1-گۆڕینەوەی دۆلاری سپی بە دۆلاری شینی ئەمەریكی پێویستە دەست بە دەست بێت و بێ زیادە و كەمی بگۆردرێن بەیەكتری، چونكە هەردووكیان یەك ڕەگەزن و لەیەك جۆری دراون بۆیە هەر جۆرە دراوێك قەرز كرا پێویستە بەهەمان شێوە و هەمان ئەندازە و ژمارە بدرێتەوە.
2- ئەگەر كەسێك قەرزداری كەسێك یان كۆمپانیا و دوكانێك بوو بەدۆلار، كەسی پێدەر ناتوانێت زیاد لەو ئەندازەیەی بەقەرز داویەتی وەریگرێتەوە بەبیانووی وەرگرتنی دۆلاری سپی.
باس لەوەشكراوە، دەرچەی شەرعی لەم واقیعەی كە هەیە، ئەوەیە ئەگەر كەسێك ویستی دۆلاری سپی بگۆرێت بە دۆلاری شین، پێویستە دۆلارە سپیەكە بفرۆشێت بەجۆرێكی دیكە لەدراو، ئینجا بەو دراوە دۆلاری شین بكڕێت.