بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان یەكەمین كۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامدا.
لە كۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پوختەی دۆخی داراییی ساڵی 2025 كرا و بارودۆخی داراییی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی داراییی 2026 و كاركردن بۆ خەرجكردنی مووچە دواكەوتووەكانی هەرێم و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی داراییی حكوومەتی فیدراڵەوە، تاووتوێ كرا.
لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێكی ورد و پڕ لە زانیاریی دۆخی دارایی خستەڕوو سەبارەت بە داهات وخەرجیەكانی ساڵی دارایی 2025 و پێشبینی و ئامادەكارییەكان بۆ ساڵی دارایی 2026.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەكراوەكانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بكات كە بێ هیچ بیانوو و هۆكارێكی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون، چونكە مووچە مافی یاسایی وشایستەی مووچەخۆرانی هەرێمە و حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان دەستبەرداریان نابێت، هەروەك دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ كردەوە كە پێویستە بابەتی مووچە تێكەڵی ناكۆكییەكان نەكرێت ، بە تایبەتیش كە هەرێمی كوردستان سەركەوتووانە، ڕێككەوتنامەی سێ لایەنی هەناردەی نەوتی جێبەجێكردووە و ڕۆژانە بە تێكڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ كراوە و لە بازاڕی جیهانیی فرۆشراوە و داهاتەكەی بە كاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەك داهاتی كۆتایی تۆماركراوە، ئەمە سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەكانی هەرێمی كوردستان و ڕەوانەكردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هیچ پارەیەكی لە تەرخانكراوەكانی هەرێم بۆ خەرجی بەكاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج نەكردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها دووپاتی كردەوە كە بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، دەبێت لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی حكومەتی فیدراڵ، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكرێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند بكرێت كە بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت وەك هەرێمێكی دەستووریی و فیدراڵی كە بە پێی دوایین سەرژمێری عێراق كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە 14 ٪ ە و دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە پێی ئەو ڕێژەیە دەستنیشان بكرێت.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی سێ لایەنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرا كە لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2025 ، بە شێوەیەكی سەركەوتووانە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ كراوە و ڕێككەوتنەكەش بەردەوامە و نوێش كراوەتەوە.
لەم ڕووەوە، كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان ، داتا و زانیاری پێویستی لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەكراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی دانوستانی ڕاسپارد ، چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و دارایی بۆ ڕێكخستنەوەی بابەتی بوودجە وشایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان پشت بە ماف ودەسەڵاتە دەستووریەكانی هەرێم ئامادە بكات و بكرێتە بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی فیدڕاڵ و لە ئێستاشەوە، لیژنەی دانوستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرە كوردەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كاربكەن لە پێناو دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و بە تایبەتیش مووچە و شایستەداراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم.
هەروەها هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەكان و شاندی دانوستانكار ڕاسپێردران كە بەردەوام بن لە جێبەجێكردنی پابەندییەكان و هیچ بیانوو و پاساوێك بۆ حكومەتی فیدڕاڵیی نەهێڵنەوە بۆ دواخستنی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم.