بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، پلانی نوێی خۆی بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە بۆ چاودێریکردنی سەرپێچییەکان، جگە لە ئۆتۆمبێلی پۆلیس، ئۆتۆمبێلی تابلۆ شارستانی (مەدەنی) بەکار دەهێنن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەهۆی کامێراکانی تیژڕۆیی و بەدواداچوونی تیمەکانەوە ڕووداوەکانی هاتووچۆ کەم بوونەتەوە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بۆ ساڵی 2026 دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی نوێ دەکەن.
هاتووچۆی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە تیمەکانیان لە ترافیکلایت، بازگە و مەفرەزەکان، هەروەها لە ناو ئۆتۆمبێلەکانی هاتووچۆ بە هەردوو جۆری تابلۆی میری و تابلۆی شارستانییەوە، دەست دەکەن بە سزادانی ئەو شوفێرانەی سەرپێچی دەکەن.
بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، هەر ئۆتۆمبێلێک بێ تابلۆ یان تابلۆی ساختە بێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ شوفێرەکەی دەکرێت، هەروەها بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی لە ناو شار و دەرەوەی شار، سزای دارایی دەبێت.
لە بەشێکی تری پلانەکەدا هاتووە، جامڕەشکردنی بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی نەشرە و فلاشەر و دەستکاریکردنی گزۆز، دەستبەسەرداگرتن و سزای دارایی بەدوادا دێت، هەر کەسێکیش بێ مۆڵەت شوفێری بکات ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
سەبارەت بە ماتۆڕسکیلەکانیش هاتووچۆی هەولێر دووپاتی کردووەتەوە، ماتۆڕسواری دیلیڤەری و هەر جۆرە ماتۆڕێکی تر، پێویستە تابلۆی پێشەوە و دواوەی پێوە بێت و تۆمار کرابێت، شوفێرەکەش مۆڵەت و کڵاوی هەبێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
لە کۆتاییدا هاتووچۆی هەولێر هۆشداری دەداتە شوفێران کە هەموو کات لەژێر چاودێریدان، چونکە تیمەکانیان ئۆتۆمبێلی مەدەنی لەپاڵ ئۆتۆمبێلی میری بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان بەکار دەهێنن.