دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر بە هەرزان دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:50:15/01/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی نەوت و كانزاكانی هەولێر، دەست بە دابەشكردنی نەوت لەناو سەنتەری پایتەخت دەكات، بە نرخی هەرزان و پاڵپشتیكراو كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی كانوونی دووەم، سالار محەمەد لێپرسراوی پشكنین و بەدواداچوون لە بەرێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی شەمووی داهاتوو 2026/1/17، دەست بە دابەشكردنی نەوت لەناو هەولێر، دەكرێ.

زیاتر گوتی، 100 لیتر  نەوت بە 31 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتییان، هەروەها ئەو ماڵانەی دەكەونە سنووری بنكە ژمارە (207) لە بەنزینخانەی گەل و بە كارتی ئەلیكترۆنی، دەتوانن ڕۆژی شەموو بچن نەوت وەربگرن.

"داواكارین لە هاووڵاتییان بە زووترین كات كارتی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی بریكارەكانەوە وەربگرن، بۆ ئەوەی لە كاتی خۆیدا بڕە نەوتی خۆیان وەربگرن كە 100 لیترە بۆ هەر ماڵێك" بەرپرسەكە وای گوت.

وەك محەمەد دەڵێ، لە ڕۆژانی داهاتوو بنكەكانی تر و بەنزینخانەكان ئاشكرا دەكرێن و هەموو دانیشتوانی ناو هەولێر بەپێی خشتەی كات نەوت وەردەگرن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە بەر لە وەرزی زستان دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكات و سەرەتا لە ناوچە كوێستان و شاخاوییەكان و دواتر ناوشارەكان، بە نرخێكی هەرزانتر لە خزمەتی خەڵكەكەدایە.

100 لیتر نەوتی سپی لە بازاڕ بە 80 هەزار دینارە، بەڵام حكوومەت بە 31 هەزار دینار دابەشی دەكات و بڕی 25 هەزاری پارەی نەوتەكەیە و شەش هەزاریش كرێی گواستنەوە.




وشە - رامیار جەواد