سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە دەستەی بەڕێوەبەری كۆمەڵەی ئامەدسپۆر كرد، دەستخۆشیی لە ئامەدسپۆر كرد و هەموو پشتگیرییەكی بۆ سەرخستنی كار و چالاكییەكانیان نیشان دا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی كانوونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە دەستەی بەڕێوەبەری كۆمەڵەی ئامەدسپۆر كرد.
لە دیدارێكدا دەستەی بەڕێوەبەری ئامەدسپۆر ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو كە بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكانی كۆمەڵەكەیانە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی بواری وەرزش و ڕێكخراوە مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان. هەروەها پوختەیەكیان لەسەر مێژووی دامەزراندن و كار و چالاكییەكانی ئامەدسپۆر و پەیامی كۆمەڵەكەیان خستە ڕوو كە پەیامی ئاشتی و برایەتییە.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشیی لە ئامەدسپۆر كرد و هەموو پشتگیرییەكی بۆ سەرخستنی كار و چالاكییەكانیان نیشان دا، هەروەها دووپاتی لە گرنگیی وەرزش كردەوە وەك كەناڵێك بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی و كاركردن لەپێناو پێشخستنی گیانی وەرزشی و هاوكاری و پرەنسیپە مرۆیییەكاندا.