وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لە هەولێرە

:: PM:05:23:15/01/2026 ‌
فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بەمەبەستی بەسەركردنەوەی هێزەكانیان لە هەرێمی كوردستان، گەیشتە هەولێر.

ڕوبن برێكلمانس وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی كانوونی دووەم، گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لێ كرا.

فەرمانگەكە بڵاوی كردەوە، لە كۆبوونەوەیەكدا باس لە گرنگی و بایەخی زیاتر پتەوكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا كرا. 

بڕیارە لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا هێزەكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان بەسەر بكاتەوە.

هۆڵەندا، یەكێكە لە وڵاتانی هاوپەیمان بۆ كوردستان و رۆڵی بەرچاوی لەماوەی رابردوودا هەبووە بەتایبەت لە ناردنی هێز و مەشقی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم