لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی کوردستان، گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە، پارتی بڕیار دەدات کە کێ لە حکوومەتی داهاتوو بەشداری پێ دەکات کە زۆرترین کورسیی پەرلەمانی هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی کانوونی دووەم، سەرچاوەیەکی ئاگەدار بە، "وشە"ی گوت، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت بەردەوامە و گفتوگۆی باش لەو بارەیەوە لە نێوان پارتی و یەکێتی کراوە.
سەرچاوەکە دەڵێ، پارتی خاوەنی زۆرترین کورسیی پەرلەمانییە، بۆیە ئەو بڕیار دەدات کێ بەشداری لە حکوومەتی داهاتوو بکات.
لەلایەکی تریشەوە، ئامانج خۆشناو چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی گوت، بڕیاری کۆتایی لای پارتییە چونکە کورسیی پەرلەمانی بەقەد سێ حزبی تری گەورەی کوردستانە.
روونیشی کردەوە، کۆی حزبەکانی تر ناتوانن بێ پارتی بیر لە پێکهێنانی حکوومەت بکەنەوە، چونکە ئەستەمە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە پارتی بەتەنیا خاوەنی 39 کورسیی پەرلەمانی کوردستانە جیا لە پێکهاتە و هاوپەیمانەکانی تری.