ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و تۆم بارك و مەزڵووم عەبدی و مەسروور بارزانی

:: PM:06:42:17/01/2026 ‌
سەرۆك بارزانی میوانداریی باڵوێز تۆماس باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 17ی كانوونی دووەم، لە پیرمام سەرۆك بارزانی میوانداریی كۆبوونەوەیەكی گرنگی كرد لەنێوان باڵوێز تۆماس باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا، ویندی گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، ژەنراڵ كێڤن لامبارت فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا، كۆڵۆنێڵ زاكاریا كۆرك، ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهێنانی هەموو لایەنەكانی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش كردن كە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا ئامادەییان بۆ ئەم كۆبوونەوەیە هەبووە لەپێناو ئاشتی و ڕێگرتن لە توندوتیژی.

سەرۆك بارزانی دووپاتی لە بایەخ و گرنگیی دیالۆگ و سەقامگیری و پێكەوەژیان لە سووریای نوێ كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا تۆماس باراك بە نوێنەرایەتیی ئەمەریكا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەم میوانداری و كۆبوونەوەیە و پشتیوانییە بەردەوامەكانی.

دواتر ئامادەبووان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان هەبوو لەسەر چەند بابەتێك و بۆ هێنانە ئارای سەقامگیری ڕۆشناییان خستەسەر چەند هەنگاوێكی كرداری.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم