سەرۆك بارزانی لەبارەی رۆژئاوای كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن كە ئێستە لە نێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە.
ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی كانوونی دووەم، لە پەیامێكی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، لەبارەی دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا و لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆك ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە هەبوو.
سەرۆك دەڵێت، هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن كە ئێستە لە نێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە، هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە سەقامگیری لە نێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون.
ئاماژەی بەوەش كردووە، دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین، هیوادارین ببێتە زەمینەیەك بۆ ئەوەی بە ڕەزامەندیی لایەنە پێوەندیدارەكان دەوڵەمەند بكرێت و بەشێوەیەكی یاسایی و دەستووری، گەرەنتیی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت.