توانا ئەمین: يەكێتی لە من و تۆ باشتر دەزانێ بێ پارتی نەك حكوومەت پێكنایەت پەرلەمانیش كارا ناكرێتەوە

:: AM:10:00:19/01/2026 ‌
لەبارەی دوا هەوڵەكانی شاسوار عەبدولواحید و كۆتایی جووڵانەوەكەی و مامەڵە نوێیەكەی لەگەڵ یەكێتی، نووسەرێكی دیاری سلێمانی رای گەیاند، یەكێتی لە من و تۆ باشتر دەزانێ بێ پارتی نەك حكوومەت پێكنایەت، پەرلەمانیش كارا ناكرێتەوە.

توانا ئەمین لە فەیسبووكی خۆی گوتارێكی كورتی لەبارەی مامەڵە نوێیەكەی شاسوار لەگەڵ یەكێتی نووسیوە و تێیدا دەڵێت: شاسوار دەمێكە فلیقاوەتەوە و مردار بووەتەوە.

توانا ئەمین باسی لەوە كردووە، جووڵەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ كۆكردنەوەی دەنگی زۆنی سەوز كە بە دەنگە كۆنەكانی گۆڕان و دەنگی خۆی دەزانێ، لە دیدی یەكێتییەوە، یەك عەیبی نییە و بەجۆرێك ڕێكخستنی قەڵەمڕەوەكەی خۆیانە.

ئەوەشی گوتووە،  ئەوەی شاسوار ئەفلیقێتەوە و مردار دەبێتەوە، ئاساییە. شاسوار دەمێكە فلیقاوەتەوە و مردار بووەتەوە. "كوڕی مام جەلال بەپەتاكردن" و "پێڵاو بەرزكردنەوە" و "بە ئارەزوو باج نادەم" و "نەقیزەكە"، شانۆییەكی كورتی خراپ بوو كە بینەری زۆری لە خۆی كۆ نەكردەوە.

 "سەرئەنجام دەرهێنەرەكە ڕۆڵەكەی لە ئەكتەرە خراپەكە سەندەوە و نەقیزەكەی كرد بە خۆیدا".

لەبارەی هەوڵەكانی یەكێتی، ئەو نووسەرە باسی لەوە كردووە یەكێتی تا ئەوپەڕی ئاست، فشار لە پارتی دەكات و لە من و تۆ باشتر دەزانێ بێ پارتی نەك حكوومەت پێكنایەت، پەرلەمانیش كارا ناكرێتەوە.

 "بەڵام بەم جووڵەیە هەم قڕەقڕێكی لە پەنا دەستی خۆیدا بێدەنگ كرد. هەم بەو خەڵكە داماوەی دوای شاسوار كەوتبوو، گوتی ئەمەبوو گەورەترین ئۆپۆزسیۆن و جێی هیواتان؟ هەم كش مەلیكی بە تەقەتەقێكی بێجێ كرد. بەكورتی بافڵ تا ئێستە بە بەردێك دوو چۆلەكەی كوشتووە". توانا وادەڵێت.

بەڵام یەكێتی لە هەر شتێكدا خراپ بێت، لە حیساباتدا یەكەمە، دەزانێ ئەو موعامەلەیەی لەگەڵ شاسواردا كردوویەتی، هی 10 كورسییە، چونكە پارتی پێنج كورسییەكەی تری نەوەی نوێی لە شەریكەوە كڕیوە.



وشە - سۆران عەزیز