ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سووریا، مەترسیی خۆی لە شكاندنی ئاگربەست پێشان دا و دووپاتی كردەوە، لە پێناو شكاندنی ئاگربەست هەواڵی درۆ بڵاو دەكرێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 19ی كانوونی دووەم، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕای گەیاند، هێزەكانی دوژمن هەواڵی درۆ و ناڕاست بڵاو دەكەنەوە.
روونیشی كردەوە كە ئەم هەوڵانە بەو مەبەستە دەدرێن كە ئاگربەست كۆتایی پێ بێت، لە میانەی هێرشەكاندا گرژی زیاد بكرێت و سەرلەنوێ هێرش بۆ سەر حەسەكە و كۆبانێ دەست پێ بكاتەوە.
"ئەم هەوڵانە لەلایەن سەرچاوەكانی سەربە لایەنە تێكدەرەكان بڵاو دەكرێنەوە، ئامانج بریتییە لە ڕێگریكردن لە ئاگربەست، قووڵكردنەوەی شەڕی هۆزەكان و سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی سەر حەسەكە و كۆبانێ"، ئیلهام ئەحمەد وای گوت.
هەروەها داوای لە هاووڵاتییان كرد بە تەواوی وریا بن و هەواڵەكان لەبارەی كۆمەڵكوژیی لە حەسەكە بەتەواوی ساختە و درۆینەن.
ئەوە لە كاتێكدایە كە شەوی 18ی ئەم مانگە دوای زیاتر لە 10 ڕۆژ شەڕ لە نێوان هێزەكانی هەسەدە و چەكدارانی حكوومەتی كاتی سووریا، ئاگربەستێك راگەیەنرا، بەڵام تا ئامادەكردنی ئەو هەواڵەیش شەڕ لە رققە و چەندان ناوچەی تر بەردەوامە.