رێبەر ئەحمەد و د. بەرهەم ساڵح كۆبوونەوە

:: PM:05:40:19/01/2026 ‌
لە جنێڤی پایتەختی سویسڕا، هەریەكە لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و د. بەرهەم ساڵح كۆمسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، كۆبوونەوە. 

لە دیدارەكەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە د. بەرھەم ساڵح كرد بەبۆنەی وەرگرتنی ئەركە نوێیەكەی لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و هیوای سەركەوتنی لەو پۆستە گرنگ و مرۆییەدا بۆ خواست.

هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانە كرد كە ڕووبەڕووی كۆمەڵگە ئاوارەبووەكان دەبنەوە لەگەڵ چۆنیەتی پەرەپێدانی میكانیزمەكانی هاوكاریكردنیان لە ناوچەكەدا.

وەزیری ناوخۆ دووپاتی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە پابەندە بە پاراستن و دابینكردنی پشتگیریی پێویست بۆ هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی كە بەهۆی نائارامییەكانی ناوچەكەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

دووپاتیشی كردەوە، دامەزراوەكانی حكوومەت بەردەوام دەبن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و ڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام بۆ ئەو كۆمەڵگەیانە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم