میدیاكانی نزیك لە هەسەدە هەواڵی گەمارۆدانی كۆبانی بڵاو دەكەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەژە لە دەوروبەری عەین عیسا بەرەنگاری هێرشێكی بەرفراوانی گرووپە چەكدارەكانی سووریا بوونەتەوە كە كۆبانییان گەمارۆ داوە.
گرووپە چەكدارەكانی حكوومەتی سووریا شاری كۆبانییان گەمارۆ داوە، هەرچەندە لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی ژنەوە وەڵامدرانەوە، شەڕەكە لە ڕۆژئاوای شارۆكەی عەین عیسا چڕ بووەتەوە و هەردوولا چەكی قوورس و سووك بەكاردەهێنن.
هێزەكانی هەسەدە بە توندی بەرپەرچی پێشڕەوییەكانی ئەو گرووپانەیان داوەتەوە كە دەیانەوێت ڕێگەی سەرەكیی كۆبانی بگرن، سەرچاوە مەیدانییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە لە ئەنجامی ئەم پێكدادانە بەهێزانەدا كوژراو و بریندار لە ڕیزەكانی هەردوولادا هەیە.
جێی ئاماژەیە، شاری كۆبانی لە ساڵی 2014دا ڕووبەڕووی هێرشێكی هاوشێوە بووەوە، بەڵام توانی بە بەرگرییەكی مێژوویی سەركەوتن بەدەستبهێنێت.