سەرۆک بارزانی، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ڕۆما، لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆ بووەوە و پرسی سووریا و مەترسییەکانی داعشیان تاوتوێ کرد.
ڕۆژی چوارشەم 21ی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعوود بارزانی و ئەنتۆنیۆ تایانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە ڕۆما کۆ بوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەکانی ناوچەکە و سووریا بەگشتی و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش تاوتوێ کران، دووپاتیش لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ڕێی دیالۆگ و گفتوگۆی ئاشتییانە کرایەوە، دوور لە توندوتیژی و شەڕ و پێکدادان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ستایشی ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی کرد لە پاراستنی پێکەوەژیان و سەقامگیری لە عێراق و کوردستان، هەروەها پێزانینی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی هەبوو بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا بۆ ئەوەی گەلی کورد لەو وڵاتە تووشی نەهامەتی نەبێت.
پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیدان و زیاتر بەرەوپێشخستنی ئەو پێوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ حكوومەتی هەرێم و گەلی کوردستان دووپات کردەوە.