پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەو هاوكارییانەی لە هەولێر، دهۆك، زاخۆ و سۆران كۆ دەكرێنەوە، لە ڕێی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دەگاتە رۆژئاوای كوردستان.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەدوای دروستبوونی دۆخی ئاڵۆز و ناسەقامگیریی هاونیشتمانییان لە ڕۆژئاوای كوردستان، وەك ئەركێكی نیشتمانی و ئەخلاقی هەموو پێكەوە ڕامان گەیاندووە، كەمپەینێكی كۆكردنەوەی هاوكاری ڕابگەیەنین و بیگەیەنینە ڕۆژئاوای كوردستان.
"بەم هۆكارە ئێمە لە هەموو سنوورە کارگێڕییەکانمان كەمپەینەكانمان دەستیان بە كار كردووە، هاونیشتمانییانمان بەشدارییەكی گەرم و گوڕییان هەیە و بەردەوام دەبین". لە راگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە.
هەروەك ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، هەموو وردەكاریی هاوكارییەكان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە داهاتوودا بڵاو دەكرێنەوە، كەلوپەل و پێداویستییەكان لەلایەن تیمەكانی دەزگا دەبرێنە ڕۆژئاوای كوردستان.