بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، هۆشداریی بەپەلە دەداتە شوفێران و ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی چڕیی بەفربارینەوە بەشێک لە شەقامەکان مەترسیی خزین و نەمانی کۆنترۆڵیان لەسەرە.
هاتوچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، لە ئێستەدا شەقامی نێوان تاسڵوجە بەرەو ئاراستەی ڕاپەڕین و بەپێچەوانەوە، هەروەها بەشێکی زۆری شەقامەکان بە ئاراستەی دەرەوەی شاری سلێمانی، بەهۆی چڕیی بەفربارینەوە مەترسیی خزین (هەڵخلیسکاندن) و نەمانی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلیان لەسەرە.
ڕوونی کردەوە کە ئەگەری بەرچاو هەیە بۆ پەککەوتن و ڕووداوی نەخوازراو لەو ڕێیانە، بۆیە داوا لە شوفێران دەکەن بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت شوفێری نەکەن و نەچنە دەرەوە، تا ئەو کاتەی کۆتایی بەم شەپۆلە بەفربارینە دێت.