دوای بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی رۆژئاوا، رۆژی پێنجشەم كاروانی نەوت بۆ ئەو بەشەی كوردستان بەڕێ كرا و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ گەیشت و دەست بە دابەشكردنی كرا.
ئەمڕۆ شەموو 24ـی كانوونی دووەم، رەوان ساڵح رۆژنامەنووس لە قامیشلۆ، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سەعات دوو بەرەبەیان تانكەرەكانی پڕ نەوتی باشووری كوردستان گەیشتنە رۆژئاوای كوردستان.
زیاتر گوتی، بەبێ پشوو لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەكاری دەستی پێ كرد و لە سەعات نۆی بەیانی، دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان دەستی پێ كردووە.
باسی لەوەش كرد، كاروانی یەكەم 100 هەزار لیتر نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە گەیێنراوەتە قامیشلۆ، سەرەتای دابەشكردنەكەش بەسەر ئاوارەكانی ناو قوتابخانە و مزگەوتەكان دەستی پێ كردووە.
روونی كردەوە، پێشبینی دەكرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا 100 هەزار لیتری تر بگات و ئەو كاروانە بەردەوام دەبێت تا كۆتایی وەرزی زستان و پێویستی هاووڵاتییان.
رۆژی پێنجشەم 22ـی كانوونی دووەم، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕی پێویست سووتەمەنی دەنێردرێتە ڕۆژئاوای كوردستان.
زیاتر گوتی، ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تا تەواوبوونی وەرزی سەرمای ئەمساڵ.
ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە هەرێمی كوردستان لە رێگەی هاووڵاتییان و دەزگا خێرخوازییەكان، هاوكاریی كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەكات.