بەهۆی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستانەوە هەموو كورد لەهەوڵ و تێكۆشاندایە و بەردەوام لەسەر شاقامەكان خۆپێشاندانە، كەچی مەلا هەڵۆ بە خۆپیشاندەران دەڵێت: "راقیسە" و ئەوەی دەیكەن نە مرۆڤایەتی، نە كوردایەتی و نە دیندارییە.
دوێنێ بەو سەرما و بەفر بارینە خەڵكی سلێمانی خۆپێشاندانێكی ملیۆنیان ئەنجامدا و پێشتریش چەندان خۆپێشاندانیان بۆ رۆژئاوای كوردستان كردووە، لەهەولێریش خەڵك گەرمن و دڵیان پڕە و بەردەوام لەخۆپێشانداندان و كەمپینێكی زۆر بۆ هاوكاری خوشكوبراكانیان لە رۆژئاوای كوردستان رێكخسستووە.
ئەوەی جێی سەرنجە لەم كاتەدا كە هەموو كورد یەكدەنگ و یەكرەنگن، بەڵام چەند مەلا و كەسایەتییەكی تر دژیان قسە دەكەن و ئەمەش ئەوەندەی تر شەقامی كوردی لەباشووری كوردستان توڕە كردووە.
مەلا هەڵۆ لە گوتاری دوێنێ هەینی ئەم قسانەی بۆ هاووڵاتیان كورد بەتایبەت بەخۆپێشاندەرانی سلێمانی گوت: كورد جاشی ئەمەریكا و ئیسرائیلە، با ئەمجارە ئیسلام بكات بەبەرنامەی خۆی.
" توخوا هۆنینەوەی قژ چییە؟ ئەوان ئەوەیان ئەوێت قژی خوشك و دایكمان ببینن، دە فەرموو تۆ بیكە من نایكەم".
"ئێوە خەریكی "راقیسە" و ئەوەی دەیكەن نە مرۆڤایەتی، نە كوردایەتی و نە دیندارییە".
لەبەرانبەردا شوان سدیق كە رۆژنامەنووسێكی كوردە دەڵێت: یەكێك لە پیاو ماقوڵەكانی بافڵ تاڵەبانی، كاتێ گەڕاندیەوە بۆ مزگەوت، ئەوكات گوتم ئەمیش مافی ئەوەی هەیە مووچەی پێبدرێ بەڵام سەیری گوتاری دەكەی خزمەت بەڕادیكالیزم دەكات شایەنی دوورخستنەوەیە، نەك هێنانەوەی بۆ مزگەوت.
شواد ئەوەشی گوتووە، پێویستە مەلاو مزگەوت و كەنیسەو ناوەندە ئایینیەكان سنوریان بۆ دابنرێت، وایان لێبكرێت ببنە بەشێك لەگوتار لەخزمەتی كوردستاندا بن.
هاوكات عەزیز رەوف لەوەڵامی قسە نەشیاوەكانی مەلا هەڵۆدا نووسیویەتی، بەڵێ من لەوێ بووم، لە سەهۆڵەكەی سلێمانی، بەڵێ، من و كچەكەم و هاوسەرەكەم و یەكەمین مامۆستای ئافرەتی سەردەمی بنەڕەتیم و قوتابیی و كچەكانم و مامۆستا ئافرەتەكانی هاوڕێشم لەوێ بوون.
"ئەم هەموو كچ و كوڕە جوانە لەوێ بوون كە بە گیانێكی شۆڕشگێڕی و ئینسانییەوە بەرگرییان لە ڕۆژئاو و ئازادی و ژن و ژیان دەكرد، هاوڵاتیان هەموو لەوێ بوون كێ جنێوی بەخودوا و بەمەلا و بەكەس دا، بەخوا درۆیە كەس جنێوی نەداوە".
عەزیز رەوف دەڵێت: بەڵێ تۆی داعش لە هەلهەلەی كچانی ئەمڕۆ لە سەهۆڵەكەی سلێمانی تۆقیوی. من دەزانم تۆ لەم هاتنەدەرەوەیە كچ و ژنان تۆقیوی، چونكە داعشی بۆیە لە هەلهەلەی ژن دەترسی، چونكە دەتەوێ ژن لەماڵەوە داپۆشی و سێ سێ و چوارچوار لە پیاوێكیان مارە بكەن و باوكە جۆلانیتان كەزی كچانمان ببڕێت و تەرمی فریشتەكانمان لە بیناكانەوە فڕێ بدەنە خوارەوە و بێدەنگیش بین.
ئەو نووسەرە ئەوەشی گوتووە، من دەزانم كە تۆ پێت ناخۆشە عەقڵێ داعش ڕەت بكەینەوە، چونكە تۆ خۆت بە پلەی ئیمتیاز و بە زمانی كوردی و بە جلی كوردییەوە داعشی. بەڵام باش ئەوە بزانە، ئێمە بەردەوام دەبین و تا ئەم نەوەیە مابێت سەردەكەوین و مێژوو زۆر مەلای خائین و خۆفرۆشی وەكو تۆی خستۆتە نێو زبڵدانی مێژوو.
لەلایەكی ترەوە تریفە عەلی كچە یەكێك لەبەشداربوانی خۆپێشاندانەكەی سلێمانی داوا لەداواكاری گشتی دەكات دەمی ئەم خەڵكانە دابخەن و رێگە نەدەن و كەس سوكایەتی بە نەتەوە بكات.
هەروەرها محەمەد نوری كە نووسەرێكی دیاری سلێمانییە لەمبارەیەوە دەڵێت: پێشتر هاتنی ئەحمەد شەرعی بەنیشانەكانی كۆتایی دادەنا..ئەمڕۆ توند و بوعزاوی و پڕ رق لەمینبەری پیرۆزی مزگەوتەوە، هاوشێوەی بەرپرسێكی دا.ع.ش لەناو جەرگەی سلێمانییەوە قسەی كرد.
لەبروای نوری ئەمە پێ ناگوترێت ئازادیی، بەڵكو پێدەگوترێت شانە خەوتووەكان كە لەچاوتروكاندێكدا هێزێكی دڕندەی هاوشێوەی دا.ع.ش لەناو شاردا بەهێمنی دروستكردووە وبڵاویكردووەتەوە.
"ئەوەی دوێنێ گوێی لە مەلا هەڵۆ گرتووبێت، تێدەگات ئەفكاری ئەو بەموو لاینەداوە لەو بێ مروەتەی كە كچەئازایەكی شەڕەڤان بەشەهیدی دەخاتە خوارەوە" .
دەشپرسێت بۆچی داواكاری گشتی بێدەنگن، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و هەڵكردنی ئاڵا بە سوكایەتی دابنێت، ئەمە ناوبنرێت چی؟
حەمە نوری ئەوەشی گوتووە، ئەوكۆدەنگییەی ئێستە لەناو كورددا دروست بووە، رەنگ و حزبی تێپەڕاندووە، بۆیە دژایەتیكردنی ئەم كۆدەنگییە، چوونە بەرەی دوژمنە بەدڵنیایەوە.