دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە گەیاندنی هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە، ئەمڕۆیش سووتەمەنیی لە شاری "عاموودا" دابەش كرد.
لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئاوارەبوونی سەتان كوردی ناوچە جیاوازەكان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی راسپێردرا كە هاوكاری بگەیەنێتە ئەو سنوورە، هاوكات مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رایسپاردن سووتەمەنی دابەش بكەن.
ئەمڕۆ شەموو 24ی كانوونی دووەم، دەزگاكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاروانێكی تری هاوكاری كە پێكهاتبوو لە سووتەمەنیی "نەوت"، لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە گەیەنرایە رۆژئاوای كوردستان.
تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیان بە دابەشكردنی سووتەمەنییەكە كرد و 325 خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی شاری عاموودا لێی سوودمەند بوون.
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە ئەم هەنگاوە بەشێكە لە هەڵمەتێكی فراوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان، كە ئامانج لێی پشتیوانیكردنی خێزانە ئاوارەكان و دابینكردنی پێداویستییە بنەڕەتییەكانی ژیانە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە.