ڕێزان حەمەساڵح: لە ئیتاڵیا سەرۆك بارزانی بە ڕاشكاوی داوای پشتیوانیی نێودەوڵەتی كرد

:: PM:07:45:24/01/2026 ‌
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا، وردەكاریی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ڤاتیكان و ئیتاڵیا ئاشكرا دەكات و ڕای دەگەیەنێت، پاپای ڤاتیكان ستایشی پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستانی كردووە و بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیاش پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لەپێناو پاراستنی كوردانی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی شەڕ دووپات كردووەتەوە.

ڕێزان حەمەساڵح نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا، رای گەیاند، سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ڤاتیكان و ڕۆما دەرەنجامی ئەرێنیی لێكەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییەكان، پاپای ڤاتیكان لە میانەی پێشوازییە تایبەتەكەیدا لە سەرۆك بارزانی، دەستخۆشی و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆك لە دابینكردنی سەقامگیری و پاراستنی كولتووری پێكەوەژیان دەربڕیوە.

نوێنەری حكوومەت بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی گوت،  ڤاتیكان بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە شارۆكەی عەنكاوە و بە "ڤاتیكانی كوردستان" ناوزەدی كردووە. هاوكات پاپا داوای كردووە ئەو مۆدێلە سەركەوتووەی پێكەوەژیان كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، لە سەرانسەری عێراقدا پەیڕەو بكرێت، تاوەكو مەسیحییەكان هەست بە پارێزراوی بكەن و ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان نەبن.

ڕێزان حەمەساڵح ئەوەشی خستە ڕوو كە سەرۆك بارزانی لە تەواوی دیدارەكاندا، بە وردی تیشكی خستووەتە سەر دۆخ و مەینەتییەكانی كوردانی ڕۆژئاوا و بە ڕاشكاوی داوای پشتیوانیی نێودەوڵەتی كردووە بۆ كۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی گەلەكەمان.

سەرۆك بارزانی چەند رۆژی رابردوو، لە ئیتاڵیا دەرگا بە دەرگا لەپێناو كورد دەگەڕا، هاوكات مەسروور بارزانیش لە داڤۆس، ئەوەیش دەرخەری ئەوەیە كە ئێستە كورد خاوەندارییەتی دەكرێت. 
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم