فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە فەرمی پشتگیریی خۆی بۆ كاندیدكردنی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەكشەم 25ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا، فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەوان پێشوازی لە بڕیارەكەی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" دەكەن بۆ دیاریكردنی نووری مالیكی وەك بەربژێری سەرۆكایەتیی حكوومەت. فراكسیۆنەكە هیوای خواستووە مالیكی بتوانێت لە ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێدا سەركەوتوو بێت.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، هیوادارین حكوومەتی داهاتوو وەڵامدەرەوەی ڕاستەقینەی خواست و داواكارییەكانی خەڵك و سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بێت، بە ئاراستەی تێپەڕاندنی تەنگژەكان و بنیاتنانەوەی وڵات هەنگاو بنێت.
فراكسیۆنی پارتی دووپات لەوە كردووەتەوە كە پێویستە حكوومەتی نوێ كار بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی، ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكی شایستە بە هاووڵاتییان بكات، بە جۆرێك كە ئارامی و سەقامگیری بۆ شەقامی عێراقی بگەڕێنێتەوە.
ئەم هەڵوێستەی فراكسیۆنی پارتی دوای ئەوە دێت كە ڕۆژی شەموو 24ی كانوونی دووەمی 2026، لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە فەرمی نووری مالیكییان وەك كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دەستنیشان كرد.