تا ئێستە 114 بارهەڵگر كەلوپەل بۆ رۆژئاوا چوونە

:: AM:10:48:25/01/2026 ‌
لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، هەزاران خێزان لە كۆبانێ، ڕەقە و عەفرین ئاوارەی قامیشلۆ و عامودێ بوون، ڕەوشێكی نالەباری مرۆیی دەگوزەرێنن و پێویستییەكی زۆریان بە هاوكارییە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یەكەم رۆژەوە بووەتە فریادرەسی ئەو شوێنانە.

ئەمڕۆ یەكشەم 25ـی كانوونی دووەم، مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لە كەمپەینی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، 16 بارهەڵگری گەورە لەو كۆمەك و هاوكارییە مرۆییانەی كۆ كراونەتەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكرێن.

زیاتر گوتی، ئەو كەلوپەلانەی ئەمڕۆ پێكهاتوون لە دۆشەك، بەتانی، مۆكێت، خواردن، شیری منداڵان و كەرەستەی پاككەرەوە.

باسی لەوەش كرد، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە لە 150 كارمەندی گشت نووسینگەكانی دەزگا پێكهاتوون، لە ڕۆژئاوای كوردستانن، جگە لە یەكەم كاروانی هاوكارییەكانی كە 67 بارهەڵگر بوون، ڕۆژانە كاروانی تریش دەنێرێتە ڕۆژئاوای كوردستان.


وشە - رامیار جەواد