لە نامەیەكی كراوەدا كە ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كراوە، دكتۆر قەنتا ئەحمەد ئەندامی باڵای كۆڕبەندی ژنانی سەربەخۆی ئەمەریكا و ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی پێوەندییەكانی دەرەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ چەندان ڕێكخراوی ئێزیدی و كەسایەتیی ئاینی، هۆشداریی دەدەن لە مەترسیی كۆمەڵكوژی و پاكتاوی ڕەگەزیی دژ بە كورد، ئێزیدی و مەسیحییەكان لە سووریا و داوای دەستوەردانی بەپەلەی واشنتن دەكەن.
لە نامەكەدا هاتووە كە هێزە توندڕەوەكانی سەربە ئەحمەد شەرع سەرۆكی نوێی سووریا، دەستیان كردووە بە ئاوارەكردنی خەڵكی سڤیل. ئاماژە بەوە دراوە كە تەنیا لە دوای هێرشەكانی سەر حەلەب، نزیكەی ٥٠٠٠ كوردی ئێزیدی ئاوارە بوون و لە بارودۆخێكی مرۆیی سەختدا دەژین.
هەروەها دووپات كراوەتەوە كە دوو ملیۆن هاووڵاتیی كورد و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كە هاوبەشی دڵسۆزی ئەمەریكان، جارێكی تر لە بەردەم مەترسیی كۆمەڵكوژی و ڕفاندنی ژناندان.
بەشێكی تری نامەكە تیشك دەخاتە سەر مەترسییە تەناهییەكان و ڕادەگەیەنێت، هێزەكانی ئەحمەد شەرع هەزاران چەكداری توندڕەوی داعشیان لە گرتووخانەی "شەدادی" ئازاد كردووە. ئەم هەنگاوە وەك تێپەڕاندنی هێڵە سوورەكانی ئەمەریكا لە شەڕی دژ بە تیرۆر وەسف كراوە، كە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە حەسەكە و ناوچەكانی تری باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
داواكارییەكان لە دۆناڵد ترەمپ
واژووكەرانی نامەكە داوا لە ترەمپ دەكەن:
١. دەستبەجێ دەستوەردان بكات بۆ پاراستنی ئازادییە ئاینییەكان و كەمینە بێدەرەتانەكان.
٢. حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرع و توركیای هاوپەیمانی ناتۆ بە بەرپرسیار بزانێت لە هەر كارەساتێكی مرۆیی كە ڕوو بدات.
٣. ڕێگریی بكات لە سەرهەڵدانەوەی داعش كە لە ساڵی ٢٠١٧دا بە قوربانیدانی گەورەی كوردەكان تێكشێنرا.
واژووكەرانی نامەكە
ئەم نامەیە لەلایەن چەندان لایەنی كاریگەرەوە پشتگیریی دەكرێت، لەوانە: دكتۆر قەنتا ئەحمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمەریكا، ڕەبای ئەبراهام كووپەر سەرۆكی پێشووی كۆمسیۆنی ئازادییە ئاینییەكان لە ئەمەریكا، پڕۆفیسۆر یان كیزیلهان و سەرجەم ناوەند و "ماڵی ئێزیدییان" لە ناوچە جیاجیاكانی سووریا وەك عەفرین، حەلەب، حەسەكە و جزیر.
ئەم بانگەوازە لە كاتێكدایە كە گۆڕانكارییە سیاسی و سەربازییەكانی سوریا نیگەرانییەكی نێودەوڵەتی گەورەی لێ كەوتووەتەوە، بەتایبەت سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پێكهاتانەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی تیرۆری داعش بوونەتەوە.