هەردوو قایمقامی دەربەندیخان و بازیان هاتنە گۆڕین و دوو كەسی تر لە شوێنەكانیان دەستبەكار دەبن، ئەوەش لە چوارچێوەی وەرگرتنەوەی پۆستەكانی یەكێتی لە بزووتنەوەی گۆڕان.
ئەمڕۆ یەكشەم 25ـی كانوونی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان، ئەمڕۆ كۆتا رۆژی دەوامكردنیەتی وەك قایمقامی قەزاكە، لە سبەیەوە كەسێكی تر لە جێگەكەی دەبێتە قایمقام.
ئەوەش زانراوە، ئامانج كەساس جەباری كە پێشتر قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بووە، دەچێتە شوێنی سلێمان محەمەد و دەبێتە قایمقامی دەربەندیخان.
بەپێی ئەو بەرنامەیەی هەیە، دەوامی سلێمان محەمەد دوای بەخشینی لە پۆستەكەی، دەچێتە دیوانی پارێزگای سلێمانی.
هاوكات ئەمڕۆ تاریق محەمەد لە شوێنی ئیسماعیل محەمەد قایمقامی بازیان دەستبەكار بوو كە پێشتر تاریق محەمەدیش قایمقامی چەمچەماڵ و كەلار بووە.
ئەوەش لە كاتێكدایە ئێستە یەكێتی لە سنووری سلێمانی داوای ئەو پۆستانە دەكاتەوە لە گۆڕان كە پێشتر بەپێی رێككەوتنێك بەو حزبەی دابوو.