خەڵكی شەش ناوچەی رۆژئاوای كوردستان لە مەترسیی ژیاندان

:: PM:02:54:25/01/2026 ‌
لە كاتێكدا ئاگربەست لە نێوان حكوومەتی كاتیی سووریا و هەسەدە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ درێژ كراوەتەوە، بەڵام ئەوە كاریگەریی لەسەر دۆخی مرۆیی لە كانتۆنەكانی جەزیرە و كۆبانێ نەبووە و لەو دوو ناوچەیە خەڵك لە دۆخێكی دژواردان. 

میدیای نزیك لە هەسەدە بڵاوی كردەوە، ئەگەرچی ئاگربەست بۆ ماوەی 15 ڕۆژ درێژ كراوەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئاگربەستەكە، هێشتا گەمارۆیەكی سەخت بۆ سەر كۆبانێ هەیە، پێداویستییە سەرەتاییەكان، خۆراك بۆ منداڵانی ساواش دەست ناكەوێت و تەنگژەی كارەبا و ئاو و سووتەمەنیش بەردەوامە.

دەیان هەزار خێزانی ئاوارە لە ناوچە جیاجیاكانەوە، بەتایبەتی لە عەفرین، شەهبا، ڕەقە، تەبقا، دێرەزوور و شەداد، گەیشتوونەتە كانتۆنی جەزیرە، سەرەڕای هەوڵەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان، بەڵام زۆریی ڕێژەی ئاوارەكان وایكردووە كۆمیتەكانی هاوكاری بانگەوازی بەپەلە بكەن بۆ پشتیوانیی پێویست.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەوڵەكانیان بۆ دابینكردنی پێویستی ژیان لەو سنوورەدا بەردەوامن، بە گەیشتنی هاوكارییەكان تا ئاستێك ژیان بۆ ئاوارەكان ئاسایی دەبێت، هاوكات دوێنی بە بڕیاری مەسروور بارزانی لە عاموودا نەوت بەسەر خەڵكدا دابەش كرا. 

سەرەڕای درێژكردنەوەی ئاگربەست لە نێوان حكوومەتی كاتیی سووریا و هەسەدە، مەترسییەكان هێشتاش بەردەوامن، چونكە حكوومەتی كاتی ئاگربەستەكانی پێشووی پێشێل كردووە، بۆیە دەزگا و پارتەكانی ڕۆژئاوا داوای بەرزكردنەوەی تێكۆشان و پتەوكردنی هاودەنگی لە كوردستان و ئەوروپا دەكەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم