دوای 10 ڕۆژ لە بەردەوامی كۆكردنەوەی هاوكاری و یارمەتی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كۆتایی بە كەمپینی هەولێر هێنا و وێڕای دەستخۆشی لە لاوان و گەنجانی خۆبەخشانی كەمپینەكە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەرانبەر هەوڵ و ماندووبوون و كارەكانیان لە كەمپینەكە، ستایشی ڕۆڵی كارای هاونیشتمانیان و خەڵكی هەولێر و سەرجەم ئەو كەس و لایەن و بازرگان و كۆمپانیایەنە كرد كە پشتیوانی و پشتگیری و پاڵپشتی كەمپینەكە بوون.
روونی كردەوە كە ماوەی ئەو 10 ڕۆژەی كەمپینەكە بەردەوام بوو، هەردوو ناوەندی هاوئاهەنگی قەیرانەكان سەربە پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرپەرشتی كۆی پرۆسەكەیان كردووە و لەو ماوەیەشدا، سەرباری ئەوەی كە ملیارێك و 700 ملیۆن دینار كۆ كراوەتەوە، 504 تۆن كەلوپەل و پێداویستی كۆ كراونەتەوە، ئەویش 325 تۆنیان خۆراكی وشكە و هەروەها 147 تۆنیان پێداویستی ناوماڵ بوون وەك دۆشەك، بەتانی، بالیف و ئەو كەرەستانەی كە پێویستن.
ئەوەشی گوت كە هەرچی دەرمان و كەرەستەی تەندروستیشە 32 تۆن بوون و كۆی گشتیشیان 126 تڕێلە بوون كە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كراون.
خۆشناو باسی لەوە كرد، خەڵكی هەولێر هەمیشە بەخشندە و میهرەبان بوونە، ئەمجارەش بەیەكەوە هاوكار و پاڵپشتی خوشك و برایان بوون لە ڕۆژئاوای كوردستان.
لەبارەی خۆپێشاندانیش بۆ پشتیوانی رۆژئاوا، پارێزگاری هەولێر گوتی، خۆپێشاندان دەبێ لە چوارچێوەی رێسای دیاریكراو و بەشێوازێكی مەدەنی بەڕێوە بچێت، نەك بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و ناڕێك، ئێستەش كە بەخۆشحاڵییەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان رێككەوتنی ئاشتی كراوە، چیتر پێویست بە خۆپێشاندان ناكات.