سەرۆك بارزانی و ئەحمەد شەرع پێوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام دا، هەردوولا لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و كاری هاوبەش بۆ سەرخستنی ڕێككەوتنەكان و چەسپاندنی ئارامی لە سووریا و ناوچەكەدا ڕێككەوتن.
ئەمڕۆ یەكشەم یەكی شوبات، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا، سەرۆك بارزانی و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا، دوایین گۆڕانكارییەكانی دۆخی سووریا و پرسی مافەكانی كوردیان لەو وڵاتەدا تاوتوێ كرد.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (SANA)، لەو پێوەندییەدا ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا، پابەندیی سووریای بە دابینكردنی تەواوی مافە نەتەوەیی، سیاسی و مەدەنییەكانی كورد دووپات كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو هاووڵاتییانی سووریا لەبەردەم یاسادا یەكسانن و بێ جیاوازی لە مافەكان سوودمەند دەبن.
لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی گەیشتن بە ڕێككەوتنی گشتگیری نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)ی كرد و پێویستیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی بە شێوەیەك دووپات كردەوە كە یەكپارچەیی خاكی سووریا بپارێزێت و ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلی سووریا دابین بكات.
شایەنی باسە هەردوولا لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و كاری هاوبەش بۆ سەرخستنی ڕێككەوتنەكان و چەسپاندنی ئارامی لە سووریا و ناوچەكەدا ڕێككەوتن.