لە پیرمام، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە عرفان سدیق باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، كرد.
لە دیدارەكەدا كە ئاندرۆ بیزلی كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە دوا پەرەسەندنە سیاسییەكانی عێراق و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و پرسی دیاریكردنی سەرۆك كۆماری عێراق كرا.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا، كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پشكی كوردە و پێویستە میكانزمێكی گونجاو ئامادە بكرێت بۆ هەڵبژاردن و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار و بكرێتە بنەمایەكی جێگیر بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لە دوای هەر هەڵبژاردنێك تووشی گرفت نەبێ.
لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیرانیش، سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند، ئەم پۆستە پشكی نێوماڵی شیعەیە، ئەوان دەبێت خۆیان ئەم بابەتە یەكلایی بكەنەوە.
بارودۆخی سووریا و ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بە گشتی، تەوەری تری ئەم دیدارە بوون.