گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی محەمەد حەلبووسی دەداتەوە و رای دەگەیەنێت، مانەوەی كەسانی ئێوە ئەوە دووپات دەكاتەوە شۆڤێنیزم لە عێراقدا هێشتا هەڵنەوەریوە، هەولێریش پێشوازی لەو كەسانە ناكات چاكەیان لە بیر نەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی شوبات، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدومدا دەڵێت، هەولێر پێشوازیی لە سەردانەكەتان ناكات، چونكە لێرە شوێنێك نییە بۆ كەسانێك چاكەیان لە بەرچاو نەبێت.
زیاتر گوتی، تۆ نوێنەرایەتیی ئەو ئایدۆلۆجیا شۆڤێنیستییە دەكەیت كە پێویستە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێت، لەسەر ئەو ملیۆنان دۆلارەی لە ڕێگەی گەندەڵییەوە بەدەستت هێناوە، بە قۆستنەوەی خوێن و ئارەقەی گەلی عێراق، بەردەوامبوونی كەسانی وەك ئێوە بەداخەوە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە شۆڤێنیزم هێشتا لە عێراقدا هەڵنەوەریوە.
باس لەوەش دەكات، پێویستە پەند و وانە لەو مێژووە وەربگریت؛ هەرێمی كوردستان بەرهەمی قوربانیدانێكی بێ ئەندازەیە و تۆ زۆر لەوە بێبایەختری سنوورێك بۆ ئیرادەی دابنێیت.
پێشتر حەلبووسی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند، هەرگیز سەردانی هەولێر ناكەم و پێویستە ئەو تێڕوانینە خۆبەلزانییەش بگاتە ئاستێكی واقیعی.