نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فڕەنسا کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی ڕێککەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران، وەزیری دەرەوەی فەرەنساش سوپاسی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد لە هێورکردنەوەی گرژییەکان.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ژۆن نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا پێوەندییەکانی فڕەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، فراوانکردنی هاوبەشیی ستراتیجیی نێوانیان، دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی گەلی کورد و پێکهاتەکان لە سووریا، ڕێککەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە، مەترسییەکانی داعش و دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.
نێچیرڤان بارزانی پێزانینی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، هەروەها سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک ماکرۆنی کرد بۆ پشتگیریکردنی لە مافەکانی گەلی کورد لە سووریایەکی یەکگرتوودا و هەوڵەکانی بۆ گەیشتنی حكوومەتی سووریا و هەسەدە بە ئاگربەست و ڕێککەوتن.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فڕەنسا، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، هەروەها هەمـوو پشتگیرییەکی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی حكوومەتی سووریا و هەسەدە و گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکان لە سووریای یەکگرتوودا دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون کە داعش هێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات. لەمبارەیەوە جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کردەوە. دەربارەی دۆخی ناوچەکەش، داکۆکییان لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و هەوڵدان بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان کرد.
دەقی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکان (وەک خۆی):
دەقى لێدوانى نێچيرڤان بارزانى:
زۆر خۆشحاڵ بووم كه ئهم ئێوارهيه له ههولێر پێشوازيم له مسيوو (ژۆن نوێل بارۆ) وهزيرى دهرهوهى فهرهنسا كرد. دووباره به گهرمى بهخێرهاتنى جهنابيان دهكهم.
له ديدارهكهماندا باسمان له برهودان به پهيوهندييهكانى فهرهنسا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و فراوانكردنى هاوبهشيى ستراتيژيمان بۆ ئێستا و داهاتوو كرد. دۆخى سياسيى عێراق و ههرێمى كوردستانمان تاوتوێ كرد.
سوپاسى دۆستايهتيى دێرين و پشتگيريى بهردهوامى فهرهنسامان بۆ عێراق و بۆ گهلى كوردستان بهتايبهتى كرد. سوپاس و پێزانينم بۆ جهنابى سهرۆك ماكرۆن دووپات دهكهمهوه كه ههميشه پشتيوانیى له گهلى كوردستان و مافه دهستوورييهكانى كردووه. گهلى كوردستان ههرگيز ئهمه لهبير ناكات.
خهمخۆرى و دڵسۆزيى فهرهنسا و ڕۆڵى گرنگى سهرۆك ماكرۆن بۆ ئاگربهست له سووريا و دهستپێكردنهوهى گفتوگۆى نێوان ديمهشق و ههسهده، ههروهها پشتگيرييان له مافهكانى گهلى كورد و پێكهاتهكان به شێوهيهكى دهستوورى له سووريا بهرز دهنرخێنين.
تێڕوانينى هاوبهشمان لهگهڵ فهرهنسا ههيه كه سهقامگيريى سووريا گرنگه. سووريايهكى يهكگرتوو كه كورد و ههموو پێكهاتهكان لهخۆ بگرێت و مافى ههمووان پارێزراو بێت. بۆ ئهوه جهختمان له جێبهجێكردنى ڕێككهوتنى ديمهشق و ههسهده، به چاودێريى نێودهوڵهتى كردهوه.
لهگهڵ جهنابى وهزير هاوڕا بووين كه داعش هێشتا مهترسييهكى ڕاستهقينهيه و ههڕهشه له ئارامى و سهقامگيريى ناوچهكه دهكات. بۆيه پێويسته ئهركى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتيى دژى داعش و بهرهنگاربوونهوهى تيرۆر و توندڕهوى بهردهوام بێت.
داكۆكيمان له گرنگيى پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى و ڕێگرى له زيادبوونى گرژييهكان له ناوچهكه كرد. جهختمان كردهوه كه پێويسته ههموو ههوڵێك بدرێت بۆ ئهوهى كێشه و ئاڵۆزييهكان ئاشتييانه، به گفتوگۆ و ڕێگه ديپلۆماسييهكان چارهسهر بكرێن.
جهنابى وهزير، دووباره به هاتنان خۆشحاڵ بووين، زۆر بهخێر بێن.
دەقی لێدوانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا:
زۆر سوپاس، جەنابی سەرۆک نێچیرڤانی ئازیز، بۆ پێشوازییەکەت لە هەولێر، لەم کوردستانەی کە شوێنێکی زۆر تایبەتی لەلای فەرەنسا هەیە.
هەمووان لێرە هێزی پەیوەندییە مێژوویییەکانمان دەزانن. هەمووان دەزانن کە بە دەسپێشخەریی فەرەنسا بوو بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەند کرا، کە تێیدا ناوچەی دژەفڕین لەلایەن فڕۆکەوانە فەرەنسییەکانەوە دابین کرا، ئەوەش کۆتاییی بە کۆمەڵکوژیی کوردەکان هێنا لەلایەن سەدام حوسێنهوه و ڕێگەی بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان خۆش کرد.
هەمووان خەباتی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە یادە کە بەم دوایییانە شاری پاریس ڕێزی لێ گرتن، هەروەها خەباتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ڕاگرتنی داعش لەسەر دەروازەکانی هەولێر و کۆبانێ.
سەرۆک هۆڵاند، یەکەم سەرۆک دەوڵەت بوو کە سەردانی هەولێری کرد بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ برا و خوشکە هاوسەنگەرەکانمان؛ چونکە هەمووان ئازایەتی و قوربانیی ئەو پاڵەوانە ژنانەیان لە بیرە کە سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی بەربەرەکان بوونەوە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان: کوردستان.
لەناو ناخۆشییەکاندا، فەرەنسا و کوردستان هەمیشە یەک چارەنووس بوون. ئەمڕۆش، لە کاتێکدا گرژییەکانی سووریا و ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهەژێنن، ئێمە کۆبووینەوە بۆ نیشاندانی هەماهەنگیی نزیک و هەوڵی هاوبەشمان.
لێرەدا دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم بۆ ئەو ڕۆڵەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گێڕاویانە.
سەرەتا لە سووریا، جەنابی سەرۆک، ئێوە بە شەخسی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەتان گێڕا بۆ کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
لە کاتێکدا فەرەنسا بەردەوامە لە هەوڵە نێوەندگیرییەکانی بە بەشداریی شەخسیی سەرۆککۆماری فەرەنسا، دەمەوێت سوپاسی ئەو هەماهەنگییە نزیکەتان بکەم کە لەم هەفتانەی دواییدا بینیمان، کە ڕێگری لە خوێنڕشتن کرد و بووە هۆی هاتنەکایەی ئاگربەست و ئاسانکاری بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ڕابردوو.
ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕ دەهێنێت و دەبێت بەتەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ دابینکردنی گەرەنتیی سیاسی و ئەمنی بۆ تێکەڵبوونی کوردەکان لە سووریایەکی یەکگرتوودا، هەروەها دەبێت مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ ناساندنی مافە زمانەوانی، کولتووری و پەروەردەیییەکانیان بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.
ناساندنی ناسنامەی کوردەکان مەرجێکی سەرەکییە بۆ بووژانەوەی سووریا، وەک چۆن لە عێراقدا وا بوو. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە و گواستنەوەی سیاسی، بە مەبەستی دروستبوونی سووریایەکی یەکگرتوو، خاوەن سەروەری و ئاشتیخواز کە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت. ئاسۆی کوردانی سووریا نابێت تەنها لە ناوچەکەی خۆیاندا کورت ببێتەوە، بەڵکوو دەبێت وەک عێراق، بەشدار بن لە ژیانی سیاسیی سووریادا.
سەبارەت بە ئێران، توندوتیژیی دەوڵەت دژی گەلی ئێرانم بە توندی سەرکۆنە کردەوە. ئێمە ئاگاداری دۆخی ناوخۆییی نیگەرانکەر و مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەیییەکانین. دەزانین چ مەترسییەک ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە ئەگەر ململانێیەک هەڵگیرسێت کە خۆی هەڵی نەبژاردبێت.
پێشتریش ئەوەمان بینیوە و نە دەتوانین قبووڵی بکەین و نە تەسلیمی دەبین. دڵنیاییم داوە بە سەرۆک نێچيرڤان بارزانی کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی لەگەڵ کوردەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کە دەزانین بەستراوەتەوە بە ئاسایشی خۆمانەوە.
سەردانەکەم دەرفەتێکیش بوو بۆ دیدارم لەگەڵ سەربازە فەرەنسییەکان لە عێراق، بەتایبەتی لە ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش. ئەم هێزانە خەریکی خۆڕێکخستنەوەن وەک وەڵامێک بۆ گۆڕانی هەڕەشەی تێرۆریزم کە ئێمە بە توندی پابەندین بە شەڕکردن دژی، هاوشان و پێکهوه، وەک ساڵانێکە دەیکەین.
جارێکی تریش سوپاسی دۆستە کوردەکانمان دەکەم بۆ ئەو متمانەیەی بە ئێمەیان بەخشیوە و هەماهەنگییە نایابەکەیان لەم بوارەدا.
پێویست بە گوتن ناکات کە پەیوەندییەکانمان لەوە زیاترن و هەموو بوارەکانی ئابووری، کولتووری، کۆچ و ژینگە دەگرێتەوە، وەک پرۆژەی بەڕێوەبردنی ئاو بۆ خزمەتی دانیشتووانی کوردستان. بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ئەم هەماهەنگییە.
لێرەدا دەمەوێت بە دڵ سوپاسی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم بۆ ئەو بڕیارەی شەوی ڕابردوو دایان بۆ پشتیوانیکردن لە فراوانکردنی پێگەی دیپلۆماسیی فەرەنسا لە هەولێر. ئەمە هەڵوێستێکی زۆر جوامێرانەیە و گوزارشت لە هێزی پەیوەندییە دانەبڕاوەکانمان دەکات.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت ئاماژە بە پێشهاتە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و عێراق بکەم. لەبەرامبەر ئەو تەحەددییە گەورانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە و وڵات دەبنەوە، لە بەرژەوەندیی هەموواندایە کە لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی کورد دیالۆگێکی بنیاتنەر بکەن. هەروەها لە بەرژەوەندیی هەموواندایە کە سیاسەتی هەمەجۆری و گەشەپێدان لە عێراقدا بەردەوام بێت.
جەنابی سەرۆک، سبەی بەردەوام دەبم لە سەردانەکەم و شەرەفمەند دەبم بە دیداری جهنابی مەسعوود بارزانی، کە لەگەڵیدا باس لە تەحەددییە زۆرەکانی ناوچەکە و ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان دەکەین.
ئەوە دەرفەتێکیش دەبێت بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو هاوسۆزی و دۆستایەتییەی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. چونکە هەر لە ساڵی ١٩٦٧دا، مستەفا بارزانی بۆ جەنەڕاڵ دیگۆل نووسیویەتی: «بزانە کە تۆ بۆ ئێمە، کە گەلێکی بوون لێ زەوتکراو و هەڕەشەلێکراوین و قوربانیی جەنگێکی درێژ و دڵڕەقین، تەنیا لایەنی نێودەوڵەتیت کە دەتوانیت بنەماکانی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و ئاشتییانەمان بۆ دابین بکەیت.»
جەنابی سەرۆک، نێچیرڤانی ئازیز، بە وەفاداری بۆ ئەم مێژووە هاوبەشە، فەرەنسا هەمیشە لە تەنیشت گەلی کورد دەوەستێت بۆ ئەوەی ڕێز لە مافەکانی بگرێت.
دووبارە سوپاس بۆ پێشوازییەکەتان.