ماوەی 19 ڕۆژە كۆبانێ و دەوروبەری لە ژێر گەمارۆیەكی سەختدان، قەیرانی تەندروستی و خۆراك و ئاو و سووتەمەنی و هەموو پێداویستییەكانی تر تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، دیمەشق هێشتا بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆكەی نەداوە و خەڵكیش گلەیی لە دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان دەكەن.
ماوەی 10 رۆژە بەردەوام گفتوگۆ لە نێوان حكوومەتی كاتیی سووریا و بەرپرسانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان هەیە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە گەمارۆی سەر كۆبانێ كۆتایی بێت.
خەڵكی شارەكە گلەیی لە بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان دەكەن كە بۆچی تا ئێستە بە رژدی لەوبارەوە گفتوگۆیان نەكردووە، چونكە دانیشتووانی كۆبانێ گەلێك پەرێشان بوون.
گرووپە چەكدارەكای سەربە حكوومەتی كاتیی سووریا، دوای هێرشەكانیان بۆ سەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ویستیان هێرش بكەنە سەر كۆبانێ، بەڵام لەلایەن شەڕڤانان و گەلەوە ڕێگرییان لێ كرا، دواتر گامارۆیان خستە سەر شارەكە و ئەمڕۆ 19 ڕۆژە بەردەوامە، كە ناهێڵن هیچ هاوكارییەك بە كۆبانێ بگات.
پزیشكەكانی كۆبانێ باس لەوە دەكەن، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر كۆبانێ، كێشەی گەورەیان لە بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ دروست بووە، هەموو جۆرە دەرمانێكیشیان لە بەردەستدا نییە، بەتایبەتی دەرمانی پەستانی خوێن و نەخۆشیی شەكرە تەواو بووە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، دەرمانی تووشبووانی شێرپەنجەیان نەماوە، نەخۆشەكانیش ناتوانن بچنە دەرەوەی كۆبانێ بۆ درێژەدان بە چارەسەرەكانیان.
هەر بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە، ناتوانرێت شیر بۆ منداڵان پەیدا بكرێت و بەهۆی پچڕانی كارەبا و كەمی سووتەمەنیشەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەخۆشخانەكان داخراون.
بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەكانی كۆبانێ، ئەگەر دەرمان و شیری منداڵان دابین نەكرێن، كێشەی تەندروستیی گەورە دروست دەبێت.
هاوكات لە بازاڕەكانی كۆبانێ، سەوزە و كەرەستە سەرەكییەكانی خۆراك تەواو بوون، ناتوانرێ سووتەمەنیش پەیدا بكرێت، ئێستە ژیانی 600 هەزار كەس لە مەترسییەكی گەورەدایە.