بەشێك لە فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، كە خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار كردووە، هێشتا كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە، بەتایبەت ئەو حاڵەتە رووبەڕووی خانەنشیان بووەتەوە. "وشە" بەدواداچوونی كرد، دەركەوت كە لەگەڵ مووچەی ئەو مانگەدا بەشێك لە خانەنشینان كارتەكانیان وەردەگرنەوە و ئیتر لە ڕێی ئای تی ئێمەكانەوە مووچەكانیان وەردەگرن.
تیمی هەژماری من بە "وشە"یان راگەیاند، راستە ماوەیەكی زۆرە بەشێك لە خانەنشیان فۆڕمی هەژماری منیان پڕ كردووەتەوە و هێشتا كارتەكانیان بۆ دەرنەچووە، بەڵام لەگەڵ مووچەی ئەم مانگەدا بەشێكی زۆر لەكارتەكانیان دەگەڕێتەوە.
ڕوونییان كردەوە كە پێویستە خانەنشیان ئاگەداری ئەو ژمارە تەلەفۆنەیان بن كە تۆمار كراوە، چونكە كورتەنامەیان بۆ دێتەوە.
لەبارەی ئەوەی ئەگەر كورتە نامە نەگەیشت، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەكاتی سەردانی خانەنشینەكە بۆ بانك كە مووچەكەی لێ وەردەگرێ ئاگەدار دەكرێتەوە كە مووچەكەی بووەتە هەژماری من.
تیمی هەژماری من ئەوەیان گوت، هیچ دوودڵی ناوێ، مووچەی كەس ناوەستێ كە فۆڕمی هەژماری منیان پڕكردووەتەوە، بەڵام كەسێك كە هەر خۆی تۆمار نەكرێت لە پڕۆژەكەدا مووچەكەی دەوەستێت.
جێی بیرهێنانەوەیە كە بۆ مووچەی مانگی 10 نزیكەی 630,000 مووچەخۆر لە هەژماری منەوە بە شێوەیەكی دیجیتاڵی مووچەكانیان وەرگرت.