یانەی وەرزشی هەولێر رای گەیاند، جگە لە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان هیچ كەس و لایەنێكی تر هاوكاری تیپی تۆپی بالەی یانەكەی نەكردووە، وەك ئەوەی هەندێك كەس و لایەن بانگەشەی بۆ دەكەن.
یانەی هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاند، دەستەی كارگێری هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە سەبارەت بە هاوكاریكردنی تیپی تۆپی بالەی یانەكەمان لەلایەن لایەنێكی دیاریكراو.
ئاماژەیان بۆ ئەوەیش كردووە كە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان هیچ كاتێك درێخی نەكردووە لە پاڵپشتی دارایی یانەكە بە درێژایی حوكمی ئەو جگە لە پاڵپشتی مۆراڵی یانەكە زۆرترین پاڵپشتی دارایی كراوە.
" ئێمە لەیانەی هەولێر هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەت دەكەینەوە، ئێستە یانەكەمان لەسەر ئاستی هەموو یارییەكان و چالاكیەكان لە ریزەكانی پێشەوە ململانێ دەكات، ئەمەش بەهۆی پاڵپشتی سەرۆكی حكوومەتە كە لەهەمووان زیاتر خەمخۆر و هاندەری وەرزش و وەرزشدۆستان بووە، بەبێ جیاوازی دەستی یارمەتی و پاڵپشتی بۆ هەموو یانەكانی كوردستان درێژكردووە" لە روونكردنەوەكەدا وا نووسراوە.
هەروەها سوپاسی سەرۆكی حكوومەت دەكەن كە ئێستە لەسایەی سێبەری حوكمی ئەودا و حكومەتە خۆڕاگرەكە یانەكە كێبركێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەستێرەكانی عێڕاق دەكات.