پارتی: پشتیوانیی تاكە كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكەین

:: AM:10:15:08/02/2026 ‌
لە پەراوێزی گفتوگۆكان لەبارەی كاندیدبوونەوەی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو یان گۆڕینی بە جێگرەوەیەكی تر، پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە، ئەوان پشتیوانیی مالیكی یان هەر كاندیدێكی تر دەكەن كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری لێ بدات و وەك كاندیدی فەرمی خۆی بیناسێنێت.

چیایی تەیموور پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعالەم ئەلجەدید" ئاشكرای كردووە، پرسی دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو، بەگوێرەی عورفی سیاسی پشكی شیعەیە و بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە كە كێ كاندید دەكەن، هەڵوێستی پارتی و سەرۆك بارزانیش لە پێشوازیكردن لە كاندیدبوونی مالیكی بە پشتبەستن بەو لۆجیكە بووە.

زیاتر گوتی، ئەو پێشوازیكردنە لە كاندیدبوونەوەی مالیكی گەیشتنە بەو باوەڕەی كە ئەو خاوەنی ئەزموونی تەواو و ئاگادارە، ئەمەیش شیاوی دەكات بۆ سەركردایەتیكردنی عێراق بە سەركەوتوویی و بردنی بۆ دۆخێكی ئارام لەو دۆخە سەختەی ئێستە، لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگییەكان و بەرژەوەندییەكانی عێراق دوور لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتی كە لە ناوچەكە بوونی هەیە، ئەو هەڵوێستەی پارتیش بەر لە ڤیتۆی ئەمەریكا بوو لەسەر نووری مالیكی، بەڵام وەك ئاماژەی پێ دا كە ئەوە مافی شیعەیە و كاتێكیش بە كۆدەنكی كاندیدێك پێشكەش دەكەن، ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین.

تەیموور ئەوەیشی خستەڕوو، ئەو دۆخەی ئێستە بە ناوچەكە تێپەڕ دەبێت، پەراوێزخستنی ویستی ئەمەریكا دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق تووشی كێشەی سیاسی و ئابووری گەورە و ڕاستەقینە بكاتەوە.

لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە كاندیدێكی تری لەبری مالیكی دیاری كرد، ئەوكاتە هەڵوێستی پارتی چی دەبێت؟ ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی، ئەو بابەتە پێوەستە بە هێزەكانی شیعە و بە دیاریكراویش چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەگەر ئەوان سوور بوون لەسەر كاندیدكردنی، ئەگەر چوارچێوە بەردەوام بن لە كاندیدبوونی مالیكی، پارتی پشتیوانیی خۆی لێ ناكێشێتەوە، یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیەیە پێوەستە بە شیعەكانەوە و كەس نابێ دەستوەردان لە كاروباری ئەوان بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د