زەوی بە فەرمانبەرانی هەورامان و بیارە دەدرێت

:: AM:10:42:08/02/2026 ‌
پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە شارەدێی بیارەی هەورامان بەشێوەی تیروپشك و خاڵبەند ئەمڕۆ دەستی پێ كرد، بەهۆی سەختیی شوێن و كەمیی زەوی، هەر فەرمانبەرێك 150 مەتر زەویی پێ‌ دەدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی شوبات، لە بیارەی هەورامان دەست بە دابەشكردنی زەوی كرا، لە قۆناغی یەكەمدا 60 هاووڵاتی زەوی وەردەگرن.

بەپێی ئامادەكاریی ئەو زەوییانەی ئامادە كراون، رووبەری زەوییەكان 150 مەترە و لە دوای پرۆسەی ئازادی هەورامانەوە و لە ساڵی 2003وە، ئەمە یەكەم جارە زەوی دابەش دەكرێت.

كێشەی سەختیی شوێنەكە و كەمیی زەوی لەو سنوورە، وایكردووە رووبەری ئەو زەوییانەی بە فەرمانبەران دەدرێت لە 200 مەتر بكرێتە 150 مەتر.

لە 27ـی ئاداری 2024دا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، بڕیار درا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەكە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاو كرایەوە.



وشە - رامیار جەواد