بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی كوردستان، سبەی رێژەی بارانبارین زۆر زیاد دەكات و لێزمەباران تەواوی شارەكان دەگرێتەوە و هەورەبروسكەشی لەگەڵدا دەبێت.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی شوبات، كەشناسیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بە گشتی بەردەوام هەوری دەبێت، كاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەكەمان كردووە بەردەوامی دەبێت.
باس لەوەش كراوە، بارانبارین بەشێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت لە سەرجەمی ناوچەكەمان، لە هەندێ كاتدا كاریگەریی باران بۆ ئەمڕۆ كەمێك لاوازتر دەبێت بەراورد بە دوێنێ، لە زۆربەی كاتەكان ئاسمان هەر بە هەوری دەمێنێتەوە لەگەڵ بوونی تەم لە هەندێ كاتدا، كاریگەریی تەم زیاتر دەبێت بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكان، لەگەڵ بەفربارینێكی كەم لەسەر لووتكەی شاخە بەرزەكان و ناوچە سنوورییەكان.
لەبارەی سبەی كەشناسی دەڵێت، كاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەكەمان زیاد دەكات، كەشی ناوچەكەمان هەوری دەبێت و باران لەسەر تەواوی ناوچەكەمان دەبارێت. ڕێژەی دابارین لە سنووری ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ زیاتر دەبێت، باران بەشێوەی بارانی مامناوەند و هەندێ كات لێزمەباران دەبێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، سەنتەری پارێزگای دهۆكیش ئەگەری بارانبارینی بە لێزمەی هەیە. سەنتەری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و كەركووك و هەڵەبجە، باران لەسەرخۆ و نمەبارانی پچڕ پچڕی دەبێت، لە هەندێ كاتدا ئەگەری هەورەتریشقەش هەیە، لەگەڵ بەفربارین لەسەر ناوچە سنوورییە شاخاوییەكان.