لە چوارچێوەی بایەخدانی بەردەوامی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زمان و فەرهەنگی كوردی و پاڵپشتیكردنی قوتابییانی دیاسپۆرا، وەزارەتی پەروەردە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، كاروانێكی تری كتێبی بۆ قوتابخانە كوردییەكانی دەرەوەی وڵات دابین كرد.
لە جێبەجێكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پەروەردە و كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، شەش هەزار كتێبی زمانی كوردی بە شێوەزاری كرمانجی (پیتی لاتینی) بۆ ئاستەكانی یەكەم تا پێنجەمی بنەڕەتی چاپ و ئامادە كران.
ئەم كاروانە ڕەوانەی 14 قوتابخانەی كوردی لە وڵاتانی (ئەڵمانیا، سویسرا، نەمسا، دانیمارك و لۆكسمبۆرگ) كرا، تا وەك سەرچاوەی سەرەكیی خوێندن لەلایەن قوتابییانی كورد لەو وڵاتانە سوودی لێ ببینرێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی تشرینی یەكەمی 2025، لە هەنگاوێكی هاوشێوەدا، هەشت هەزار و 500 كتێبی كوردیی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی، بۆ قوتابخانە كوردییەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا ڕەوانە كردبوو.
ئەم دەستپێشخەرییانە بەشێكن لە ستراتیجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەستنەوەی نەوەكانی كورد لە دیاسپۆرا بە زمان و كولتووری دایك، لە ڕێگەی دابینكردنی پێداویستییە تەكنیكی و زانستییەكانی خوێندن.