حكوومەت بە داتا ستەمی دارایی عێراقی بەرانبەر كوردستان بڵاو كردەوە

:: PM:04:27:09/02/2026 ‌
داتا داراییەكانی بودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا (2005-2025)، بوونی هەڵەیەكی گەورە و سیستماتیك دەسەلمێنن كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردەوە كە حكوومەتی فیدراڵی عێراق، لە ڕێگەی فراوانكردنی بێ پێشینەی "خەرجییە سیادییەكان" و جێبەجێكردنی میكانیزمی "خەرجیی فیعلی"، شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی لە مافێكی جێگیرەوە بۆ تەنیا ژمارەیەك لەسەر كاغەز گۆڕیوە.

فراوانبوونی "چەقۆی سیادی" و كەمكردنەوەی پشكی هەرێم
خەرجییە سیادییەكان كە لە ساڵی 2005دا تەنیا لە چوارچێوەی (سەرۆكایەتییەكان، وەزارەتەكانی دەرەوە و بەرگری) كورت دەبووەوە، لە بودجەی ساڵانی (2023-2025)دا زیاد كراون و گەیشتوونەتە نزیكەی 47.4 ترلیۆن دیناری ساڵانە.

ئەم گەورەبوونە لە ڕێگەی تێهەڵكێشكردنی چەندان بڕگەی قەبە وەك (تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بودجەی حەشدی شەعبی و قەرزەكان) بووە لە ژێر ناوی "سیادی"، تەنیا بۆ ئەوەی پێشوەختە و پێش گەیشتنی پارە بە هەرێم، لە پشكەكەی ببڕێت.

بەهۆی ئەم سیاسەتە، هەرێمی كوردستان ساڵانە بە بڕی 8.7 ترلیۆن دینار لە پشكی خۆی، بەشدارە لە دابینكردنی ئەو خەرجییانەدا.

دۆسیەی قەرزەكان؛ 26 بەرانبەر 1
لە دۆسیەی قەرزە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكاندا، ستەمێكی دارایی ئاشكرا بەرانبەر هەرێم دەكرێت. لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە دانەوەی 1.6 ترلیۆن دینار ساڵانە وەك پشكی خۆی لە دانەوەی قەرزە سیادییەكانی عێراق، بەڵام لە بەرانبەردا تەنیا 62.4 ملیار دینار لەو قەرزانە وەك پشك وەردەگرێت. بەمەش هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر هەر یەك دۆلار كە وەك قەرز وەریدەگرێت، بڕی 26 دۆلار بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە دەدات كە حكوومەتی فیدراڵ لە ناوچەكانی تری عێراق خەرجی كردوون.

"خەرجیی فیعلی" و سزای بەكۆمەڵ
حكوومەتی فیدراڵ بە چەسپاندنی میكانیزمی "خەرجیی فیعلی" لەبری "تەرخانكردنی پەسندكراو"، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە ئاستی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور. ئەمە سزایەكی دارایی بەكۆمەڵە، چونكە بەپێی مادەی (121/سێیەم)ی دەستوور، پشكی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای "پێداویستی" و "ڕێژەی دانیشتووان" بێت، نەك لەسەر بنەمای ئەوەی وەزارەتەكانی بەغدا چەند پارە خەرج دەكەن. ئەم رێكارە وایكردووە هەر كاتێك پڕۆژەیەك لە شارەكانی تری عێراق پەك بكەوێت، پشكی هەرێمیش بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی كەم بێتەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم