تەواوی زانیارییەكان لەبارەی ئی پسوولە بزانە

:: PM:01:19:10/02/2026 ‌
پلاتفۆرمی "e-Psûle" (ئی-پسوولە) بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی سەردەمییانە و برەودان بە شەفافییەتی دارایی و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان ڕاگەیەنرا.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی شوبات، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەستپێكردنی گشتگیری پلاتفۆرمی "e-Psûle" (ئی-پسوولە) ڕاگەیەنرا، كە سیستمێكی نیشتمانیی یەكگرتووە بۆ پێدانی پسوولە حكوومییەكان بەشێوەی دیجیتاڵی.

ئەم پلاتفۆرمە بە فەرمی لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە پەسند كراوە؛ ئەم هەنگاوە وێستگەیەكی گرنگ و چارەنووسسازە لە چوارچێوەی ستراتیجی حكوومەت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی، كە كۆتایی بە دەیان ساڵ لە كاركردن بە مامەڵەی نەختی (كاش) و ڕۆتینی كاغەزی دەهێنێت.

ئەم پلاتفۆرمە نوێیە، ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پسوولە حكوومییەكان – كە سەرەتا بە پسوولەی كارەبا دەست پێ دەكات – لە هەر كاتێكدا (بەشێوەی 24 سەعاتی) و لە هەر شوێنێك بن، بەكار بهێنن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانكردنی فەرمانگە حكوومییەكان و نۆرەگرتن بكات.

بەكارهێنانی پلاتفۆرمەكە بێ بەرانبەرە و هاووڵاتی هیچ تێچوویەكی زیادە (عمولە) لە كاتی پارەدان لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنەكە یان لە ڕێگەی هاوبەشە ڕێگەپێدراوەكانەوە لە ئەستۆ ناگرێت.

گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ئی پسوولە "e-Psûle":
• كۆنترۆڵی تەواو: هیچ لێبڕینێك ناكرێت بەبێ ڕەزامەندیی هاووڵاتییان لە مووچە یان هەژماری بانكی؛ واتە هاووڵاتی خۆی بڕیاردەرە لە ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدانەكە.

• شەفافییەت: سیستمەكە وردەكارییەكانی پسوولەكە بە ڕوونی پێشان دەدات، بە جیاكردنەوەی "قەرزی كۆن" لە "پسوولەی ئێستە" بۆ ئەوەی هاووڵاتی بە وردی بزانێت پارەی چی دەدات.

• فرەیی كەناڵەكان: دەكرێت پارەدانەكە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنی "e-Psûle"، یان لە ڕێگەی جزدانە ئەلیكترۆنییەكان وەك: (FastPay, AsiaPay, NassWallet) و بانكە بەشدارەكان (FIB, Cihan, NBI) ئەنجام بدرێت.

ئەم پڕۆژەیە بۆ دووپاتكردنەوەی پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمە، بە دابینكردنی خزمەتگوزاریی سەردەمییانە، كە شایستەی هاووڵاتییانە و برەودانە بە شەفافییەتی دارایی و ئاسانكاریی بۆ ژیانی ڕۆژانە. 



وشە - رامیار جەواد