دوای چەند مانگێك لە داخرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بڕیارە سبەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئاستێكی باڵا بە ناوەندگیریی راستەوخۆی ئەمەریكا كۆ ببنەوە و كۆتایی بە چەند پرسێكی گرنگ بێنن، لەوانە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لەو كاتەی داخرانی سیاسی بەغدا و هەولێریشی گرتووەتەوە، بەپێی
سەرچاوەكان ناوەندگیریی ئەمەریكا لە لێكنزیككردنەوەی ئەو دوو حزبە سەركەوتوو بووە و بڕیارە سبەی چوارشەم سەرۆك بارزانی و بافڵ تاڵەبانی كۆ ببنەوە، ئەوان واژوو لەسەر رێككەوتنێك دەكەن، بەپێی زانیارییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان فوئاد حوسێن كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكشێنێتەوە، لە بەرانبەردا یەكێتی بە دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم رازی دەبێت، كە بڕیارە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتەكە بێت، هاوكات دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەبێت، كە پێشتر مەرجێكی یەكێتی بوو بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت.
لەوكاتەی كەمال هەرێم ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە كۆبوونەوەی سبەی پارتی و یەكێتی باسی پۆستی سەرۆك كۆمار دەكرێت و ئەگەر رێك بكەون، ئەگەری هەیەپەرلەمانی عێراق پێنجشەمی داهاتوو دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ساز بكات، فایەق عادل سیاسەتوان ئاماژە دەكات كە كۆبوونەوەی سبەی یەكلاكەرەوەیە لەبارەی گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و بەپێی زانیارییەكان پارتی كاندیدی بۆ پۆستەكە دەكشێنێتەوە.
لای خۆیەوە شێرزاد حوسێن توێژەری سیاسی نزیك لە پارتی ئاماژەی كرد، هەردوو حزب بۆچوونیان لەیەكتر نزیكە و پێشبینی دەكرێت سبەی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بگەن بە رێككەوتن، هەر لە سەرەتاوە پارتی ئەو پۆستەی نەدەویست، بەڵام ویستی كاندیدی پۆستەكە سازانی ناوماڵی كوردی لەسەر بێت.