عەزیز ئەحمەد: كۆتایی بە نۆرە گرتن هات بۆ دانی پارەی كارەبا

:: PM:09:30:10/02/2026 ‌
بە سەرپەرشتیی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پلاتفۆرمی "ئی-پسوولە" ڕاگەیەنرا و چیتر هاووڵاتییان بۆ دانی کرێی کارەبا پێویستیان بە نۆرەگرتن و کاغەز نابێت، بەڵکو لە ڕێی مۆبایلەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی شوباتی 2026، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، پڕۆژەی "ئی-پسوولە" بە فەرمی ڕاگەیەنرا.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حكوومەت، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕای گەیاند مەسروور بارزانی پلاتفۆرمی ئی-پسوولەی وەک سیستمی فەرمی بۆ پارەدان خستە کار.

ئاماژە دراوە، بەپێی سیستەمە نوێیەکە، هاووڵاتییان و خاوەنکاران لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەتوانن پارەی کارەبا بدەن بێ ئەوەی نۆرە بگرن، ئەوەش لە ڕێی بانکە هاوبەشەکان و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەبێت.

عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەش داوە، چیتر پێویست بە مامەڵەی کاغەز ناکات و پرۆسەکە ئاسان و پارێزراوە، هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق (CBI)ـەوە پەسەند کراوە.



وشە - پۆڵا مەحموود