ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایانی ئاینی، فەتوایەكی نوێی لەبارەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دا كە ئەگەر دوای مردنیان بۆیان گەڕێنرایەوە.
لە فەتواكەدا هاتووە، ئەو مووچانەی لەسەر ناوی مردووەكە دەدرێن، دوای مردنی تا مامەڵەی وەفات و دیاریكردنی مووچەی خانەنشینی تەواو دەبێت، بە میرات هەژمار دەكرێت و پێویستە وەك میرات دابەش بكرێن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو مووچانەی كە حكوومەت نەیداوە بە فەرمانبەران، یان لە ساڵانی ڕابردوودا بەلێبڕاوی پێی داون (كە واجبە بۆیان بگەڕێنێتەوە) ئەگەر دوای مردن گەڕێنرانەوە، ئەوە وەك میراتی شەرعی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
لە فەتواكەدا هاتووە، ئەو (شەش) مووچەیەی بەسەر یەكەوە حكوومەت دەیدات بە خانەنشین لەبری ئەو مۆڵەتانەی كە مافی خۆی بووە وەریانبگرێت، ئەگەر كەسەكە دوای ئەوەی خانەنشین بوو بڕیاری بۆ درا و پاش مردنی بۆی سەرف كرا، ئەوەش بە میرات هەژمار دەكرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر دوای مردنی كەسەكە مووچەی خانەنشینی بڕایەوە و ئەو بڕە پارەیەش دیاری كرا، ئەوە وەك مووچەكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و نابێتە میرات.